مسته‌فا كازمی کەمپی ئاوارەکانی دهۆکی بەسەر کردەوە و بەڵێنی دا ئاوارەکان بگەڕێنەوە ماڵ و حاڵی خۆیان

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- له‌چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ هه‌رێمی كوردستان، مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ردانی كه‌مپی قادیای ئاواره‌كانی له‌ پارێزگای دهۆك كرد و رایگه‌یاند، به‌ڵێنیدا پێداویستیه‌كانیان بۆ دابین بكات و هه‌روه‌ها كاربكه‌ن به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان.

کوردپرێس:

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، مسته‌فا كازمی سه‌ردانی كه‌مپی قادیای له‌ پارێزگای دهۆك كردوه‌، به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربون له‌ ره‌وشی ئاواره‌كانی كه‌مپه‌كه‌ و چاوی به‌ ژماره‌یه‌ك خێزانی ئاواره‌ كه‌وتوه‌ و گوێی له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانیان گرتوه‌، هه‌روه‌ها گفتوگۆی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كه‌مپه‌كه‌ كردوه‌ به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كانیان.

لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته ‌ڕوو، مسته‌فا كازمی له‌سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ كه‌مپی قادیای پارێزگای دهۆك، به‌ڵێنیداوه‌ كه‌ هه‌مو پێداویستییه‌كی ئاواره‌كان له‌سه‌رجه‌م كه‌مپه‌كان جێبه‌جێبكات، هه‌روه‌ها به‌ڵێنیشیداوه‌ كاری جدی بكه‌ن بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی ئاواره‌كان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان و دابینكردنی ژینگه‌یه‌كی ته‌ندروست و سه‌قامگیر.

شایانی باسە ڕۆژی پێنجشەمە 10ی ئەیلوولی 2020 مسته‌فا كازمی به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ پارێزگای هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و مه‌سعوود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبوه‌وه‌ و پاشانیش سه‌ردانی قه‌زای زاخۆی سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆكی كرد و ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیلی به‌سه‌ركرده‌وه‌.

News Code 190027

Your Comment

You are replying to: .
captcha