کوردپرێس:
لە کتیبی مێژوو و جوگرافیای پۆلی 12ـی ئامادەییی فەرەنسا، بۆ ئەمساڵی خوێندن (2020-2021) بەشێک تەرخان کراوە بۆ باس کردنی مێژووی کورد و کوردستان و خەباتی هێزە کوردییەکان و بەتایبەت یەپەگە.
ئەو بەشە لە لاپەڕەکانی کۆتایی کتێبەکەیە و بە ناونیشانی "کورد: گەلێکی بێ وڵات"ـە، تێیدا باسی ئەوە کراوە: کورد 40 ملیۆن کەس دەبن لە جیهان و بەشێکیان کۆشش دەکەن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی.
لە بەشێکی دیکەدا خشتەیێک بە ناونیشانی "یەک سەدە لە خەبات" هەیە، لە ساڵی 1920 دەست پێدەکات و بە سەرەقەڵەم باسی رووداوە مێژووییە گرنگەکانی ئەو سەدەیە دەکات کە بەسەر کورددا هاتوون.
باسی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)ش کراوە و باس لەوە کراوە "ئەمڕۆ ژمارەیان لەنێوان 7 بۆ 24 هەزار شەڕڤانە"، بەڵام ئەو بەشە، تورکیای قەڵس کردووە و لەلایەن میدیا تورکییەکانەوە بە مانشێتی "پەکەکەی تیرۆرست لە پاشکۆی کتێبێکی قۆناغی کۆتایی قوتابخانەکانی فەرەنسا" زەق کراوەتەوە.
وهزارهتی دهرهوهی توركیا دهشڵێت "لە رابردوودا چەندینجار ئاماژەمان بەو سیاسەتە هەڵەیەی فەرەنسا داوە کە پێداگرە لەوەی پاڵپشتی لەو رێکخراوە تیرۆرییە بکات و پەکەکە/یەپەگە لەگەڵ کوردی سووریا دەخاتە تای یەک تەرازووەوە".
دوای ئەوەی قوتابییە فەرەنسییەکان ئەو وانەیە دەخوێنن، ئەو چالاکییانەی داوا کراوە لێیان و لە کتێبەکەدا ئاماژەی پێدراوە سەبارەت بە کورد، پێکدێن لە "ئامادەکردنی پرێزەنتەیشنێک سەبارەت بە کورد، مێژوو، کولتوور، تایبەتمەندی".
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا رەتی دەکاتەوە ئەو بەشە پاشکۆ بێت و لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 دەڵێ "ئەمە (لە کتێبی 12ـی ئامادەییە) بۆ ئەو قوتابییانەی دواساڵی خوێندنیانە. لە بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر فۆکەسیان لەسەر کوردە. ئەو پرسیارانەی لە بەشەکەدا هەن، ئەگەری هەیە لە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ بێنەوە".
Your Comment