بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکە لە بنکەی هاوپەیمانان لە بەنداوی ڕۆژهەڵاتی شاری حەسەکە بە بەشداری مستەفا بالی گوتەبێژی فەرمی هێزەکانی سووریای دیموکرات و وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆلۆنێل مایلس کاگنس بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا مستەفا بالی قسەی کرد و گوتی: "دوای ساڵێک و چوار مانگ کاری هاوبەش لەگەڵ کۆلۆنێڵ مایلس کاگنس، ئەرکی ئەو کۆتایی هاتووە و دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی".
لای خۆیەوە وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆلۆنێل مایلس گوتی "شەش ساڵ پێش ئێستا هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕ کردن لە دژی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش دامەزران. لە 10 ی ئەیلولی 2014ەوە ئێمە 7 ملیۆن کەس و 110 هەزار کیلۆمەتر دووجا زەوی داگیرکراومان ئازاد کردووە".
مایلس کاگنس دووپاتی کردەوە کە جیهان لەبیری ناچێت پاڵەوانی ڕاستەقینەی شەڕی دژی داعش هێزەکانی سووریای دیموکراتە "هەسەدە بۆ لەناوبردنی داعش لەە ڕەققە وە بۆ ڕمێلان و لە عامودێ بۆ بەسرە هێزەکانی ڕێکخست و شکستی بە داعش هێنا".
مایلس کاگنس گوتیشی "داعش زیانی بە خێزان و هاوڕێکانتان گەیاندووە هەندێکتان بەهۆی کردەوەی چەتەکانی داعش و حکوومەتی ئەسەد و شەڕیان لە دژی خەڵکی مەدەنی برینێکی قوڵتان هەیە".
لە کۆتایی قسەکانیدا گوتیشی "ئێمە لەگەڵ هەسەدە هاوکار دەبین و هەتا لەناوچوونی داعش بە تەواوی پشتگیریان لێ دەکەین هەروەها لەگەڵ هێزە عێراقییەکان کار دەکەین بۆ بەهێز کردنی ئاسایشی سنوور و ڕێگری کردن لە هاتوچۆی داعش لە سنووری سووریا و عێراق".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment