ڕەنگە ژمارەیێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو پشتگیریی پەکەکە بکەن

بەشی جیهان- جێمز کری لە لێدونێکدا بە کوردپرێسی وتووە ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە ژمارەیێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی هاوکاریی کەنداوی فارس نیازیان وابێت لە بەرانبەر پارتی دادوگەشەپێدانی تورکیا هاوکاریی پەکەکە بکەن.

کوردپرێس:

تورکیا لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لە ناوخۆی تورکیا و لە سووریا و لە باکووری عێراقیش هێرشەکانی خۆی دژی کوردەکان چڕ کرۆدتەوە و لەگەڵ ئەوەش پەرەی زیاتری بە نفووزی خۆی لە ئەفریقا داوە و لە دەریای ناوەڕاستی خۆرهەڵاتیش لە سەر مەسەلەی نەوت و گاز لەگەڵ ژمارەیێک لە وڵاتان کەوتۆتە ململانێ و موناقەشەوە. ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس بە مەبەستی تاوتوێ کردنی ئەم بابەتانە دیمانەیێکی لەگەڵ جێمز کری چاودێری کاروباری کوردەکان و تورکیا کردووە کە ئەندامی دەستەی نووسەرانی گۆڤاری جیۆپۆلەتیکاڵی ئالرێتە.

جێمز کری چاودێری کاروباری کوردەکان و تورکیا لەبارەی بێدەنگیی هەولێر بەرانبەر بە هێرشەکانی تورکیا دژی پەکەکە ل باکووری خاکی هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وت: لە ڕاستیدا هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی عێراق جگە لە ئیدانەکردنی هێرشەکانی هیچی تریان لە دەست نایەت. هەولێر لە لایەن ئەمریکاوە گوشاری لەسەرە و تا پێی سپێردراوە کە سەرچاوەکانی باکووری عێراق بە ئەمنی بهێڵێتەوە. دەوڵەتی هەرێمی کوردستان هەورەهاش شکستی ڕێفراندۆمەکە و چۆنیەتیی کۆتاییهاتنی ئەو بابەتەی لەبیر نەکردووە. ئەگەر هەرێمی کوردستان نیازی بێت دژی تورکیا دەست بداتە کارێک یان بەرپەرچدانەوەی بەرانبەر، بە قەناعەتی من هەمان سناریۆی پێشووتر دووپات دەبێتەوە و تەنانەت دوور نیە ژمارەیێک لە هێزە عێراقەییەکانیش تەداخولی بابەتەکە بکەن و لەگەڵ ئەوەش تاران و ئەنقەرە لە یەکتر زیاتر نزیک بکاتەوە.

ئەو توێژەرە ئاماژەی بە پشتگیرییەکانی ئەمریکا بۆ تورکیا لە بەرانبەر پەکەکە کرد و گوتیشی: پێوەندیی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و ژمارەیێک لە وڵاتانی هەرێمی بۆتە هۆی ئەوەی گوشار بکەوێتە سەر بەغدا کە ناتوانێت بە بێ زەبری سەربازی و بە بێ تووڕەکردنی ئەمریکا وەڵامی تورکیا بداتەوە.

کارابوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان

جێمز کری لەبارەی هەوڵەکانی تورکیا بۆ سڕینەوەی پەکەکە بە کوردپرێسی وت: تەقریبەن ئەتوانین بڵێین بە هیچ شێوەیێک هێرشەکانی تورکیا نابێتە هۆی سڕینەوەی پەکەکە. بە دڵنیایییەوە پەکەکە لە عێراق و سووریا بەردەوام دەبێت لە چالاکی کردن بەڵام پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان و پێکدادانەکانی سووریا، زەحمەتە ئەو دوو ناوچەیە ڕێگەیان پێبدرێت لە ئاستی ڕابردووی هەرێمی کوردستاندا خاوەنی سەربەخۆیی بن. بەغدا و دیمەشق گوشار دەخەنە سەر کوردەکان بەڵام دڵنیام پەکەکە بەردەوام دەبێت لە چالاکییەکانی تەنانەت ئەگەر سەرکردایەتیی پەکەکە ناچار بێت بڕواتە شوێنەکانی دیکەش ئەو چالاکییانە پەک ناخەن.

چاودێری کاروباری تورکیا لەبارەی ڕۆیشتنی سەرکردایەتیی پەکەکە لە قەندیل بۆ شوێنی دیکە پاش هێرشەکانی تورکیا، بە کوردپرێسی وت: من بەگونانم لەوەی لە ئێستادا ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا نیازیان بێت مافی پەنابەری بە سەرکردایەتیی پەکەکە بدەن بەڵام دوور نیە ژمارەیێک لە وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداوی فارس بیانهەوێت بۆ لە مەشرووعیەت خستنی حیزبی باڵادەستی تورکیا (ئاکەپە) پەنابەری بە ژمارەیێک لە سەرکردەکانی پەکەکە بدەن یان خود یارمەتیی پەکەکە بدەن.

ڕێککەوتنی نەوتیی ئەمریکا و کوردەکانی سووریا

جێمز کری لەبارەی دژایەتی کردنی تورکیا لەگەڵ ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان ئەمریکا و کوردەکانی سووریا بە کوردپرێسی وت: تورکیا نایەوێت ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان کوردەکانی سووریا و کۆمپانیا ئەمریکییەکە هەڵبوەشێنێتەوە.

ناوبراو لەو قەناعەتدایە کە پڕۆژەی تورکیا لە سووریا شکستی هێناوە. میلیشیا و نەیارانی سووریا سەلماندوویانە کە هێزێکی شیاوی داگیرکردنی باکووری خۆرهەڵاتی سووریا و درێژەدەری ئوپەراسیۆنەکان نین.

ئەو توێژەر و چاودێرە بڕوای وایە ئەمریکا سووریا چۆڵ ناکات. ئەمریکا بە هۆی سیاسەتی نێوخۆیەوە چالاکییەکانی تورکیای لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا سنووردار کردووە. لە هەمان کاتدا دوو پارتی دیموکراتییەکان و کۆمارییەکانی ئەمریکا لە سەر مانەوەی ئەمریکا لە ناوچە کوردنشینەکەی سووریا و پارێزگاری کردن لە کوردەکان لەگەڵ یەک کۆکن.

جێمز کری لەو قەناعەتەشدایە کە ئەمریکا ناتوانێت متمانە بە ئەردۆغان بکات و بە تەنێ وازی لێناهێنت کە لە ناوچەکە بە ئارەزووی خۆی تەڕاتێن بکات. هەروەک ترەمپ بەئاشکرا وتی، ئەمریکا حەز بە نەوتەکەی سووریا و پارێزگاری کردن لەو نەوتە دەکات. دیارە ئەگەر تورکیا و میلیشیاکانی سەربەو وڵاتە دەرفەتیان پێ بدرێت تاوان و کارەساتی زیاتر لە تورکیا ئەنجام دەدەن. ئەمریکاش نیگەرانە لەوەی دەموچاوی لەبەر خاتری جووڵە خراپەکانی تورکیا ناشیرین ببێت هەر بۆیەش تورکیا بەرەڵا ناکات کە چی ئارەزووی بوو بیکات.

کێ دەتوانێت یارمەتیی پڕۆسەی ئاشتیی نێوان کورد و تورکیا بدات؟

جێمز کری دەڵێت هیواکان بۆ بووژانەوەی ئاشتیی نێوان کوردەکانی تورکیا و دەوڵەتی ئەو وڵاتە کۆتایییان پێهاتووە و زەحمەتە ڕێککەوتنێکی دیکە یان خود پڕۆسەیێکی ئاشتیی دیکە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاکەپە لە تورکیا ڕوو بداتەوە. ئەگەر ئەردۆغان کەمترین جووڵەیێک بەرەو کوردەکان بکات نەتەوەپەرستەکانی ئەو وڵاتە چیتر پشتگیریی ئەردۆغان ناکەن.

کری ڕەخنەی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی جیهانی لە بەرانبەر سەرکوتکرانی کوردەکان لە لایەن ئەردۆغان گرتووە و دەشڵێت: کۆمەڵگەی جیهانی لە بەرانبەر شەڕی تورکیا دژی کوردەکان و ساختەکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردن کە حیزبی باڵادەستی تورکیا کردوویەتی بێدەنگە. ئەردۆغان سامانی هەموو شتی تێک داوە و پەکەکە ناتوانێت ناچاری بکات بگەڕێتەوە سەر میزی گفتوگۆ. هەر بۆیەش لە داهاتوویێکی نزیکدا دەیبینین کە جووڵاندنی هەستی شەقام و هاووڵاتییان دژی پەکەکە تاکە بژاردەی ئەردۆغان دەبێت کە دەیگرێتە بەر.

ئەگەری شەڕی نێوان تورکیا و یۆنان لە سەر نەوت یان خود تورکیا و میسر لە سەر لیبیا؟

جێمز کری چاودێری کاروباری کوردەکان و تورکیا ئاماژەی بە تەنگەژەی نێوان یۆنان و تورکیا لە سەر موڵکی دەریایی لە دەریای ناوەڕاست کردووە و بە کوردپرێسی وتووە: زۆر بە دووری دەزانم شەڕێک لە نێوان تورکیا و یۆنان ڕوو بدات بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا خۆیان لە قەرەی ئەم مەسەلەیە نەداوە و بەو پێیەش نابێت هیچ ئەگەرێک ڕەت بکرێتەوە.

ناوبراو لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد: "من لە ئێستادا دەبینم کە تورکیا و میسر لە سەر وڵاتی لیبیا لە شەڕدان. بە قەناعەتی من میسر، سعوودیە و ئیمارات لە ڕێگای پەرەسەندنی نفووزی تورکیا لە لیبیا دەکەونە مەترسییەوە. لەو ڕووەوە کە وڵاتانی ئەندامی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداوی فارس گۆشە نیگایان کردۆتە ئیسرائیل و ئەردۆغانیش پشتی کردۆتە تێلاڤیڤ، ئیسرائیل ڕوو دەکاتە وڵاتانی ناوچەکە بۆ ئەوەی نفووزی تورکیا کەم بکاتەوە."

News Code 189962

Your Comment

You are replying to: .
captcha