ئەمریکا متمانەی پێناکرێت/ ڕووسیا جیدییترە لەپێناو مافی کوردەکانی سووریا

بەشی سووریا- سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا دەڵێت: ئێمە وەکوو پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا متمانەی زۆرمان بە ئەمریکا نییە و بڕوامان وایە لە پێناو پاراستنی مافی کوردەکان ڕووسیا باوەشی کراوەترە.

«فەرهاد تەلۆ» سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی بە سیاسەتی ڕووسیا و ئەمریکا لەبارەی کوردانی سووریاوە دا و ڕایگەیاند: ئەو کاتەی ئەمریکا بەشێک لە هێزەکانی خۆی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کشاندەوە، ڕێککەوتنێک لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و ڕووسیادا کرا بەبێ ئەوەی پێوەندیی بە حکوومەتی ناوەندیی سووریاوە ببێت. بەو بۆنەوە بە نێوەندگیریی ڕووسیا هێزەکانی پاراستنی سنووری سووریا ڕەوانەی خاڵی سنووریی نێوان تورکیا و سووریا کران.

ناوبراو درێژەی دا: ڕووسیا دەیەوێت هێدی هێدی جێگای خۆی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکاتەوە کە پێشتر خولیای گەیشتن بەم ناوچانەی هەبووە و بگاتە شاری دیرک و ناوچەی سنووریی و ستراتێژیی سێمالکا.

فەرهاد تەلۆ زیاتر دەڵێت: هەر لەو سەردەمەدا ترەمپ لەسەر گوشاری کۆنگریس و ئەنجومەنی پیران لە بڕیارەکەی پاشگەز بوویەوە و ئێستا بەنیازی زیاتر کردنی نفووزی خۆی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە.

سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا لەبارەی بەریەککەوتنی زرێپۆشەکانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە باکووری سووریا دەڵێت: ئەم جاری یەکەم نییە کە ئەم ڕووداوانە ڕوودەدات بەڵکوو پێشتریش بنکەیێکی ئەمریکی بەمووشەک کرابوویە ئامانج و سێ سەربازی ئەمریکی تێدا بریندار بووبوون و ژمارەیێک لە هێزەکان ڕووسیا بەو هەڵمەتە تۆمەتبار دەکەن.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: هەردوو هێزەکە دەیانهەوێت پێگە و بنکەکانی خۆیان لە باکووری سووریا بەهێزتر بکەن. ڕووسیا دەیهەوێت ئەمریکا لە سووریا بکشێتەوە بەڵکوو کوردەکان تەسلیمی مەرجەکانی حکوومەتی ناوەندیی سووریا بکات و ئەمریکایش بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیدایە.

ناوبراو وتیشی: ئێمە وەکوو پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا متمانەی زۆرمان بە ئەمریکا نەماوە. من لە ڕووسیا خوێندنم کۆتای هاتووە و دەزانم کە ڕووسیا باوەشی بۆ کوردەکان کراوەترە.

فەرهاد تەلۆ جەختی کردەوە: ڕووسیەکان دەڵێن ئێمە دان بە مافی کوردەکاندا دەنێین و کورد بەشێکی هەمیشەیی لە پێکهاتەی سووریان و دەبێت لە چوارچێوەی سووریا مافیان پارێزراو بێت.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: هاوکات بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بەسراوە بە حکوومەتی ناوەندیی سووریاوە، بەڵام ئەمریکا بڕوای بەمە نییە.

سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا جەخت دەکاتەوە: ئەمریکا ڕێککەوتنە نەوتییەکەی نەک لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەڵکوو لەگەڵ هەسەدە کردووە. ئەگەر ئەمریکا ویستبای پشتگیریی لە کوردەکان بکات مامەڵەی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکرد نەک لەگەڵ ژەنراڵ مەزڵووم عەبدی.

ناوبراو دەیشڵێت: ژەنراڵ کۆبانێ وەکوو کەسایەتیێکی سەربازی ڕۆڵی کەسێکی سیاسیش دەگێڕێت. هەڵبەت ژەنراڵ کۆبانی جێگای ڕێز و حورمەتە بەڵام ئەمریکییەکان دێن و دەڕۆن و دەڵێن ئێمە لەگەڵ هەسەدە شکستمان بە داعش هێنا و قەد باسی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ناکەن.

فەرهاد تەلۆ لەبارەی دەرەچەی کورد لە قەیرانەکانی سووری دەڵێت: بڕوای ئێمە وایە کە کوردەکان دەبێت یەکگرتووتر بن و لە دانوستانەکاندا داوا لە لایەنی بەرامبەر بکەن هەڵویستی خۆی شەفاف ڕابگەیێنێت.

سەرۆکی پارتی یەکێتیی لیبراڵی کوردستانی سووریا ئاماژەشی دا بە سەردانی شاندێکی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات بە سەرکردایەتیی ئیلهام ئەحمەد بۆ مۆسکۆ و ڕایگەیاند: تا ڕادەیێک ڕووسەکان نیازی پێوەندی کردن بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەریان هەیە و ئەم سەردانەش لە لایەن ڕووسیاوە پێشوازیی لێکرا.

ناوبراو زیادی کرد: کۆبوونەوەی مەسەدە لەگەڵ حزبی ئیرادەی نیشتمانیی لە مۆسکۆ ڕووداوێکی باش بوو و ئەوان دەیانەوێت بە پشتگیریی ڕووسیا، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یان ئەنجومەنی سووریای دیموکرات لە گفتوگۆکانی سووریادا لە زێنێڤ ئامادە ببێت.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189951

Your Comment

You are replying to: .
captcha