بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نووسينگەى عەممار حەکيم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاويکردەوە، سەرۆکى هاوپەيمانى عێراقيون پێشوازى لە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان کردووە و ژمارەيێک ئەندامى دەستەى سەرکردايەتى هاوپەيمانێتييەکەش ئامادەى کۆبوونەوەکە بوون.
لەلايەکى ترەوە نووسينگەى نێچیرڤان بارزانى بڵاويکردەوە، سەرۆکى هەرێم لە کۆبونەوەکەدا وتويەتى کە قەيرانى ڕێکخراوى داعش سەلماندى هەولێر پەيوەندى بە هەموو ئەو شتانەوە هەيە لە بەغدا ڕوودەدەن، بيرۆکەى ئەوەى هەولێر پەيوەندى بە ڕوداوەکانى بەغداوە نييە لاى هەندێک کەس بوون بەڵام نەمان، هەر هەڕەشەيێک لەسەر بەغدا دروست دەبێت هەڕەشەيە بۆ سەر شارەکانى هەرێمى کوردستانيش و بە پێچەوانەشەوە.
سەرۆکى هەرێمى کوردستان جەختیشى کردوەتەوە، پێويستە چارەسەر بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان بەغدا و هەولێر بدۆزرێتەوە و بەرەو چارەسەرى ڕاستەقينە و ڕیشەيى بڕۆين ئەوەش پێويستى بەوە هەيە هەموو لايەنەکان ئيرادەى سياسيان هەبێت بۆ چارەسەر، هەروەها پيرۆزبايى لە دروست بوونى هاوپەيمانى عێڕاقيونيش کردوە.
نێچيرڤان بارزانى جەختى لەوەکردوەتەوە، پشتگيرى حکوومەتەکەى مستەفا کازمى دەکات و بەپێويستيشى زانيوە کە وەبەرهێنان لە پاڵپشتى نێودەوڵەتى بۆ عێراق بکرێت، هێزە سياسيەکانى هەولێر شيکردنەوە بۆ ياساى هەڵبژاردنەکان دەکەن و ئەو ئاڵنگاريانەى ڕووبەڕووى هەولێر دەبێتەوە هەمان ئەو ئاڵنگاريانەن کە سەرجەم پارێزگاکانى عێراق ڕوبەڕويان دەبێتەوە.
لاى خۆشيەوە عەممار حەکيم باسى لەوە کردوە، قۆناغى ئێستا پێويستى بە گرێبەستێکى کۆمەڵايەتى نوێيە کە سەرجەم ئاڵنگاريیەکان و گۆڕانگاريیەکانى ئێستاى تێدا لەبەرچاو بگیرێت، هەندێک لە کێشەکان هۆکارەکەى سيستمى سياسييە کە ئەويش پێويستى بە گەشەپێدان هەيە.
سەرۆکى هاوپەيمانى عێراقيون ڕوونيشيکردەوە، پێويستە ياساى هەڵبژاردنەکان و دادگاى فيدراڵى يەکلايى بکرێنەوە چونکە گرنگترين کۆڵەکەکانى هەڵبژاردنى داهاتون و يەکەميان میکانیزمى هەڵبژاردنە و دوەميشيان ئەو لايەنەيە کە شەرعيەت بە پرۆسەى هەڵبژاردن دەدات.
داواشى کردووە يەکلاکردنەوەيێکى مێژويى لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت ئەويش لەو ڕوانگەيەوە کە هەموان براوەبن و سازش بۆ بەرژەوەنديەکانى عێراق بکەن، مەرجەکانى چارەسەريشمان ديارى کردوە کە پێويستى بە ئيرادەى سياسى و سازشى نێوان هەردولايە بۆ ئەوەى بگەنە چارەسەرێکى ڕيشەيى لەژێر چەترى ياسا و دەستوردا.
حەکيم لەبەردەوامى قسەکانيشيدا جەختى کردوەتەوە، هاوپەيمانى عێراقيون پشتگيرى هەر چارەسەرێکى ڕيشەيى دەکات کە هەموان تێيدا براوەبن.
هێماى بۆ ئەوەشکردوە، پشتگيرى حکوومەت دەکەن بۆ گەڕانەوەى هەيبەتى دەوڵەت و هێشتنەوەى چەک بەدەستى دەوڵەت ئەويش لەڕێگەى بەرپەرچدانەوەى ئەو گروپە چەکداريانەى چالاکوانان دەکەنە ئامانج و ڕادەستکردنيان بە ياسا، هەروەها بەرپەرچدانەوەى ئەندامە خراپەکان و ئەوانەى خۆپيشاندانەکان وەک هەل بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنى ئاژاوە و وێرانکارى.
وتووشيەتى، گەڕاندنەوەى هەيبەتى دەوڵەت يەکێکە لە مەرجەکانى ئەنجامدانى هەڵبژاردن، تەنها دەوڵەتێکى بەهێز و خاوەن هەيبەت دەتوانێت کەشێکى ڕکابەرى لەنێوان پاڵێوراوەکان و فراکسیۆنە سياسيەکان دروست بکات، هەروەها پشتگيرى ڕێوشوێنەکانى حکومەت دەکەن بۆ بەرەنگاربونەوەى گەندەڵى و گرنگيشە هاريکارى لەو دۆسیەدا لەنێوان بەغدا و هەرێم هەبێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment