سەرۆکی فەڕەنسا: هاتووم بۆ ئەوەی لەم کاتە سەختەدا پشتیوانی پێشکەش بە عێراق بکەم

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە بەغدا، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازیی لە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کرد و دیداری دوو قۆڵییان دەستپێکرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماکرۆن بۆ خستنەڕوی دەستپێشخەرییێکی فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانێکی چەند کاتژمێری بۆ عێراق دەستپێکردووە و لە یەکەم وێستگەدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمار کۆبوونەوەی دەستپێکرد.

لەگەڵ گەیشتنیشی بۆ بەغدا، لە رێی هەژماری خۆیەوە لە توویتەر پەیامێکی کورتی بڵاو کردەوە و رایگەیاند: خۆشحاڵە بۆ یەکەمجار سەردانی عێراق دەکات و هاتووە بۆ ئەوەی لەم کاتە سەختەدا پشتیوانی پێشکەش بە عێراق بکات.

بەرهەم ساڵح دوای بەخێرهاتنی ماکرۆن، لە پرێس کۆنفرانسەکەدا جەختی لە پەیوەندیی بەغدا و پاریس کردەوە و گوتی: "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بەهێز بکەین"، رۆڵی فەرەنساشی لە پشتیوانی کردنی عێراق لە شەڕی تیرۆردا بەرزنرخاند و گوتی "لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا فەرەنسا رۆڵی نایابی هەبوو، بەڵام عێراق هێشتا پێویستی بە هاوکارییە".

سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بە مەترسی داعش لە عێراق کرد و گوتی "دەبێت وڵاتان بەردەوام بن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە عێراق و ناوچەکە، بەتایبەت کار لەسەر بڕینی سەرچاوەی داهاتی گرووپە تیرۆریستییەکان بکرێت".

هەردوو سەرۆک جگە لە بواری ئەمنی، باسی پەیوەندی ئابووریشیان کرد. بەرهەم ساڵح گوتی "واژۆکردنی ژمارەیێک گرێبەست لە داهاتوودا رادەگەیێنین بەپێی بەرژەوەندیی هەردوو وڵات".

رۆڵی عێراق لە ناوچەکە و سەروەریی خاکەکەی تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەیان بوو. بەرهەم ساڵح لەوبارەیەوە گوتی "ناوچەکە پێویستی بە سەقامگیرییە، عێراقیش دەبێت وەک وڵاتێکی سەربەخۆ، خاوەن بڕیار و سەروەریی تەواو رۆڵی میحوەری بگێڕێت لە ناوچەکە". جەختیشی کردەوە "عێراق نابێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێی وڵاتان".

دوای تەواوبوونی قسەکانی بەرهەم ساڵح، ئینجا ماکرۆن قسەی کرد و لە دەستپێکی قسەکانیدا گوتی "هاتووم پشتیوانیی فەرەنسا بۆ عێراق دووپات بکەمەوە". ماکرۆن راشیگەیاند عێراق بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێ و داوای کرد سەرکردە عێراقییەکان، بەتایبەت سێ سەرۆکایەتییەکە ئەو قۆناخە راگوزەرە بەباشی و هاوکاریی یەکدی تێپەڕێنن. گوتیشی "عێراق دەبێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە بەهێز بکرێت".

ماکرۆنیش جەختی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی پاریس و بەغدا کردەوە و گوتی "عێراق پێگەیەکی مێژوویی و ستراتیژیی هەیە، دەمانەوێت بەردەوام پێکەوە کار بکەین".

سەرۆککۆماری فەرەنسا بە ئاماژەدان بەوەی شەڕی داعش لە عێراق کۆتایی نەهاتووە گوتی "فەرەنسا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەمیشە پشتیوانیی عێراق دەکات و ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە هاوکاریی عێراق بکات".

ئیمانوێل ماکرۆن تاوەکوو ئێوارە لە بەغدا دەمێنێتەوەو سەردانەکەی چەند کاژێرێکە، وەک ئەوەی راگەیێندراوە دوای سەرۆککۆمار، چاوی بە سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش دەکەوێت و کۆ دەبنەوە، جگە لەوانیش لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەبێت و پاشان دەگەڕێتەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189932

Your Comment

You are replying to: .
captcha