خۆشحاڵیی لایەنگرانی AKP لە مەرگی ئێبرۆ تیمتیک بێ ئەخلاقییە/ دەوڵەت حەیای نەماوە

بەشی تورکیا- نوێنەری شانلی ئورفای پارتی دیموکراتیکی گەلان HDP لە پەرلەمانی تورکیا دەڵێت: مەرگی ئێبرۆ تیمتیک خەسارێکی گەورەیە. ئەو مافناسێکی ئازای کوردی عەلەوی لە دێرسیم بوو کە بە هزری چەپەوە چاوی لە ئاشتی دیموکراسی لە تورکیا بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەرگی ئێبرۆ تیمتیک پارێزەری سەربە ناوەندی پارێزەرانی چاغداشی ئیستەمبۆڵ کە لە ساڵی 2018ی زاینییەوە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە گرووپە تیرۆریستییەکان لە زیندانە. پاش 238 کاتژمێر مان گرتن لە خواردن لە زیندانی تورکیا گیانی لەدەست دا.

لەمبارەوە «عومەر ئوجەلان» نوێنەری شانلی ئورفای پارتی دیموکراتیکی گەلان HDP لە پەرلەمانی تورکیا ئاماژی دا بە گیان لەدەست دانی ئەبرۆ تیمتیک و وتی: هەواڵی گیان لەدەست دانی تیمیتیک زۆر دڵتەزێن بوو، بەتایبەت کە لە چەند مانگی ڕابردوویشدا چەند چالاکی مەدەنیی دیکەیش گیانیان لەدەست داوە.

ناوبراو زیادی کرد: چیدی ئەمڕۆکە کەس ناتوانێت لە تورکیا باسی دیموکراسی و سیاسەت بکات و چالاکی دەرببڕێت. مەرگی تیمتیک ناخ هەژێن بوو، ئەو سەرەتا بە مانگرتن لە خواردن دەستی پێکرد و لەم دواییانەشدا ئاو خواردنیشی نابووە لاوە.

ئوجەلان درێژەی دا: حکوومەتی تورکیا بووەتە حکوومەتێکی دیکتاتۆری توندئاژۆ، تورکیا لە ساڵی 1920ەوە بە سیاسەتی کەمالیزم دەستی پێکرد و سەرچاوەی ئیلهامەکەشی ئەورووپا بوو بەڵام بۆ ماوەی بیست ساڵە دەستی کردووە بە سیاسەتی توندئاژۆیی ئیسلامی. تورکیا بەدوای خولیای ئیمپراتووریەتی عوسمانی لە ڕێگای ناسیۆنالیزمی تورکیەوەیە.

ناوبراو زیادی کرد: ئەمڕۆکە چیدی باس کردن لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە تورکیا بێ مانایە بەتایبەت سیاسەتی دژایەتی کردنی کورد گەیشتۆتە ئەو پەڕی خۆی.

عومەر ئوجەلان ئاشکرای کرد: مەرگی ئێبرۆ تیمتیک خەسارێکی گەورەیە. ئەو مافناسێکی ئازای کوردی عەلەوی لە دێرسیم بوو کە بە هزری چەپەوە چاوی لە ئاشتی دیموکراسی لە تورکیا بوو. ئەمڕۆ چیدی یاسا لە تورکیا نییە و سەرەڕای بوونی دادگا و ناوەندە یاساییەکان هیچ یاسا و دادپەروەری و مافێک لە تورکیا نابینرێت.

نوێنەری پەرلەمانی تورکیا دەشڵێت: لە ساڵی 2018ەوە 18 پارێزەر بەتۆمەتی ناڕاستەوە دەستبەسەر کراون. لە دادگای یەکەمدا ئازاد کران بەڵام پاش تێپەڕینی 24 کاتژمێر و بە گوشاری حکوومەت و پارتی داد و گەشە دووبارە دەستگیر کران و بۆ هەر یەکەیان 10 تا 18 ساڵ زیندان بڕایەوە.

ئەندامەکەی پارتی دیموکراتیکی گەلان وەبیری هێنایەوە: گەلی کورد ستەمی زۆریان لێدەکرێت بەڵام سەرەڕای ئەمەش بەرخۆدانی مەدەنی درێژەی هەیە.

عومەر ئوجەلان ڕەخنەشی لە نوێنەرانی ئاکپارتی گرت و وتی: زۆر بەداخەوە کە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئاکپارتی خۆشحاڵن لەم ڕووداوە. ئەمە بێ ئەخلاقییە کە لە مەرگی کەسێک دڵخۆش ببیت.

ناوبراو وەبیری هێنایەوە: پێوەری ئیسلامی بوونیش لە ئاکپارتی وەرگیراوەتەوە و ئەمەش نیشان دەدات کە چەندە لە ئیسلام و دیموکراسی دوور کەوتوونەتەوە.

نوێنەرەکەی هەدەپە لە شانلی ئورفا زیادی کرد: ئەمە فیزاحەتێکی گەورەیە. پێشتر شەرمیان هەبوو بەڵام ئەمڕۆ بە خۆشحاڵ بوونیان لە مردنی مرۆڤێک ناپاکیی خۆیان نیشان دا.

عومەر ئوجەلان ئاماژەشی دا بە جەڤی ئەمنیەتی لە ئیستەمبۆڵ و ڕایگەیاند: لە ئێستادا هێزە ئەمنییەکان لە ناو شاردا بڵاوەیان پێکراوە و بەتایبەت گەڕەکی کوردی عەلەوی نشینی ئیستەمبۆڵ باری نائاسایی هەیە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189872

Your Comment

You are replying to: .
captcha