کوردپرێس:
مایکل گانتەر مامۆستای زانکۆی تێنسی لە لێدونێکدا بۆ کوردپرێس چەند تەوەرێکی لەبارەی کوردەوە باس کرد و بە کوردپرێسی وت: لەو ڕووەوە کە ژمارەیێک لە وڵاتانی ناوچەکە وەک عێراق و تورکیا، کوردەکان بە هۆکاری دابەش کرانی وڵاتی خۆیان دەزانن کەس کوردی خۆش ناوێ. تەنانەت ئەو خڵەک و لایەنانەی دژی یەکترن لە مەسەلەی دژایەتی کردن بەرانبەر بە کورد یەک دەگرن.
دوکتور گانتەر زۆر کتێبی لە بارەی کوردەکانەوە نووسیوە و لە لێدوانەکەیدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە دۆخی سووریا و کوردەکان کردووە و دەڵێت دۆخی سووریا تا ڕادەیێکی زۆر بەستراوە بە هەڵبژرادنی داهاتووی ئەمریکاوە و دەشڵێت سیاسەتی ئەمریکا لە سووریا بەرانبەر بە کوردەکان گۆڕانێکی ئەوتۆی بە سەردا نایەت.
دوکتور گانتەر لەبارەی هەڵوێستی جۆبایدەن بەرانبەر بە کوردەکانیش دەڵێت: ئەگەر کاندیدەکەی دیموکراتییەکان لە هەڵبژرادنی ئەمریکا سەرکەوێت بە ئەگەری زۆرەوە قازانجی کوردی زیاتر تێدا بێت. بەڵام لەو ڕووەوە کە ئەمریکا لە جووڵەکانیدا سنوور دادەنێت ناتوانێت بە تەواوی لە بەرژەوەندیی کورد بجووڵێتەوە. تورکیا ئێستاش هاوپەیمانێکی گرینگی ئەمریکایە لە ناتۆ.
دوکتور گانتەر زیادیشی کرد: بە قەناعەتی من بایدەن وەک سەرۆککۆماری ئەمریکا هەڵدەبرێردرێت. ئەو کەسایەتییە وەک لایەنگری کورد کەسایەتییێکی ناسراوە و ڕووڕاستە و ئیدعاشی کردووە و کە پشتگیریی کورد دەکات.
ناوبراو ئەوەشی گوت کە بایدن براوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا دەبێت و بە گوێرەی ڕادۆزییەکان ترەمپ شانسی کەمتری بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردندا هەیە. ئەگەرچی زۆرینەی هاووڵاتییان ساڵی 2016 پێیان وابوو کە هیلاری کلینتۆن براوەی هەڵبژاردنەکان دەبێت بەڵام ترەمپ سەرکەوت. لەو ڕووەوە کە ترەمپ دەڵێت ئەگەر براوەی هەڵبژاردن نەبێت ئەوە ساختەکاری کراوە، هەر لەم کاتەوە سەرنەکەوتنی ترەمپ ئەگەری ئەوەی تێدایە کە ئاڵۆزیی لێبکەوێتەوە و قەیرانێک بۆ ئەمریکا دروست بکات. ئەمەش کارتێکەر دەبێت لە سەر کوردەکانی خۆرهەڵات و باکووری سووریا.
مامۆستاکەی زانکۆی تێنی جەخت لەوەش دەکاتەوە کە بایدەن هەڵوێستێکی ئێجگار جیاوازی لەبارەی هەموو کێشەکانی ئەمریکاوە هەیە. ناوبراو دەڵێت: بە قەناعەتی من بایدەن زیاتر لە ترەمپ پشتگیریی کورد دەکات و بە نیسبەت ئەردۆغانەوە هەڵوێستی خراپتری دەبێت. من ناڵێم گۆڕانێکی ئەساسی و بنچینەیی لە ڕوانگەکەی ئەمریکادا دروست دەبێت بەڵام گۆڕانێکی هونەری دروست دەبێت. زەحمەتە پشتگیری کردن لە کورد و دژایەتی کردن لەگەڵ ئەردۆغان ببێتە هۆی هاتنە ئارای دۆخێکی جیاواز.
ناوبراو لەبارەی هەڵوێستی ڕووسیا لەباری باکووری خۆرهەڵاتی سووریا لە داهاتوودا بە کوردپرێسی وت: ڕووسیا هەر پەیڕەوی ئەم دۆخەی ئێستا دەکات. لە ئێستادا هەموو شتەکان بە قازانجی ڕووسیایە. ئەوەی ڕووسیا پەیڕەوی دەکات بەردەوام بوونە لە سەر کۆنتڕۆڵ کردنی تەرتووس و پارێزگاری کردن لە مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات. من بڕوا ناکەم کەرەملین لە سەر کورد دژایەتیی ئەمریکا بکات. ڕەنگە ئەو دوو دەسەڵاتە جیهانییە بتوانن باشتر لە سەر ئەم مەسەلەیە بگەنە ڕێککەوتن.
پڕۆفسۆر گانتەر ئاماژەی بەوەش کرد کە جووڵەی تورکیا لە پێناو هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ مانەوە لە دەسەڵاتە و تورکیا سیاسەتەکەی بەرانبەر بە کوردی سووریا ناگۆڕێت.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی تێنسی ئاماژەی بە سیاسەتی چاوچنۆکیی ئەردۆغان لە دیکەی ناوچەکانی جیهانیش کردووە و دەڵێت: ئەردۆغان سیاسەتی پەرەپێدانی فراوانی گرتۆتە بەر و نەک هەر لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا بەڵکوو لە عێراقیش بوونی هەیە و تەنانەت خۆی قوڵتاندووەتە لیبیاش و ئیدعای کۆنتڕۆڵ کردن و قۆرخ کردنی خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاستیش دەکات. بەڵام فەڕەنسا و یۆنان و ئیمارات و ئیسرائیل و ئەمریکا لەم سیاسەتەی تورکیا تووڕەن. بە ڕای من ئەردۆغان تورکیا بەرەو قەیران و هەڵدێر پەلکێش دەکات.
بە وتەی ناوبراو گەورەترین و گرینگترین ئامانجی ئەردۆغان ئەوەیە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە بەڵام کێشەی زۆری لە بەردەمە و ڕێگاچارەی دۆخەکەش ئەوەیە گڕی نەتەوەپەرستی لە تورکیا بڵێسە بکێشێت و وای بنوێنێت کە ئەردۆغان بۆ پارێزگاری کردن لە تورکیا لە بەرانبەر هەموو مەترسییەکان دەجەنگێت و ئەوەش گرینگترین هۆکاری مانەوەی تورکیا لە سووریایە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی تێنسی ئاماژەی بەوەش کرد کە ترەمپیش و ئەردۆغانیش مەبەستیانە دەنگی جەماوەری پۆپۆلیست و نەتەوەپەرست کۆ بکەنەوە. مایکل گانتەر دەشڵێت: لەو قەناعەتەدام کە ئەردۆغان وەک ترەمپە. سەرۆککۆماری تورکیا تەرکیزی کردۆتە سەر ناسیۆناڵیزم و پۆپۆلیزم و دەیەوێت بەو شێوەیە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە بەڵام ئەوەندەی زیرەکی نیە کە بیر لە داهاتوو بکاتەوە. ئەردۆغان پێچەوانەی ئەتاتورک دەیەوێت لە هەموو شوێنەکان بجەنگێت ئەوەش لە کاتێکدا ئەتاتورک دەیوت: "ئاشتیی نێو ماڵ و ئاشتی لە دەرەوەی ماڵ".
مایکل گانتەر لەبارەی پڕۆسەی دانوستانی ئاشتیی نێوان دوو ڕەوتی سەرەکیی کوردی لە سووریا بە کوردپرێسی وت: یەک لە کێشە سەرەکییەکانی کورد ئەوەیە یەکگرتوو نین. هەر بۆیەش دەسەڵاتە هەرێمییەکان و لەوان تورکیا ململانێی نێو ماڵی کورد دژی کورد دەقۆنەوە. سیاسەتی "دووبەرەکی بخە نێوانیان و حکوومەتیان بە سەرەدا بکە" دژی کوردەکان جێبەجێ دەکرێت. کێشەی خۆرهەڵاتی باکووری سووریا ئەوەیە کە پەیەدە زیاتر ڕوانگەی چەپ و سۆسیالیستیی هەیە و لە پەکەکە و ئۆجەلان نزیکە ئەوەش لە کاتێکدا ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا نەتەوەخوازە و هەڵگری ڕوانگەی ناسیۆنالیستییە. وا دەردەکەوێت کوردەکان یەکتریان خۆش ناوێت و کوردی عێراق و کوردی سووریا لێک نزیک نین. کوردی سووریا لە سەرەتای قەیرانی 2011وە تا ئێستا هەوڵ دەدەن یەک بگرن بەڵام هەموو هەوڵەکان بۆ یەکگرتن شکستیان هێناوە.
Your Comment