کێڵگە گازییە تازەکەی تورکیا مەترسی لە سەر ڕێژەی هەناردەکردنی گازی ئێران دروست دەکات

بەشی ئێران- پاش ئەوەی تورکیا ڕایگەیاند سەرچاوەیێکی گەورەی گازی سروشتیی لە دەریای ڕەش دۆزیوەتەوە ئەندامێکی ژووری بازرگانیی تاران نیگەرانی لەبارەی بازاڕدۆزی بۆ گازی سروشتیی ئێران لە عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت ئەگەر مشوورێکی ئەو بابەتە نەخورێت بازاڕی گازی سروشتیی ئێران لە عێراق تووشی کێشە دەبێت.

کوردپرێس:

ئێران خاوەنی سەرچاوەیێکی زەبەلاحی گازی سروشتییە لە ناوچەکە و لە ڕێگای هەناردەکردنی ئەو سامانە سروشتییەوە ساڵانە داهاتیێکی بەرچاوی دەست دەکەوێت و نزیکترین بازاڕ بۆ فرۆشتنی گازی سروشتیی ئێران دوو وڵاتی عێراق و تورکیان.

پاش ئەوەی لەم هەفتەیەدا سەرۆککۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند لە دەریای ڕەش سەرچاوەیێکی گەورەی گازی سروشتییان دۆزیوەتەوە مەترسیی ئەوە دروست بووە کە هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ دوو وڵاتی عێراق و تورکیا تووشی کێشە ببێت و دابەزینی بەرچاو بە خۆوە ببینێت.

حەمیدڕەزا ساڵحی ئەندام لە ژووری بازرگانیی تاران لە لێدوانێکدا دەڵێت ڕێژەی هەناردەکردنی گازی سروشتیی ئێران کەمترە لە 50 ملوێن مەتری سێ جا ئەوەش لە کاتێکدایە توانای هەناردەکردنی زیاتر هەیە و ئەگەر پلانێکی تۆکمە بۆ بازاڕدۆزیی کەرتی گاز نەخرێتە بەردەست مەترسیی ئەوە لە ئارادایە کە بازاڕەکەی عێراق و تورکیاش لە دەست بچێت.

ئەو ئەندامەی ژووری بازرگانیی تاران ئاماژەی بە کێڵگە گازییەکە کردووە کە تورکیا بە تازەیی دۆزیویەتەوە و دەڵێت: تورکیا تا ئەمڕۆکە خاوەنی سامانێکی ئەوتۆی کەرتی گاز نەبووە بەڵام بەوەشەوە هەوڵی داوە لە هەناردەکردنی گازی سروشتیدا پێگەیێکی هەبێت. ئێستا کە ئەم کێڵگە گەورەیە دۆزراوەتەوە بێگۆمان دۆخەکە لە بازاڕی گازی سروشتیدا گۆڕانی بەسەردا دێت.

ناوبراو ئەوەشی زیاد کردووە کە یەکەم پاشهاتی دۆزینەوەی گازی سروشتی ئەوەیە کە تورکیا چیتر گازی سروشتی ناکڕێت و گرێەستی نوێ لەگەڵ ئێران واژۆ ناکات. تەنانەت ڕەنگە لە داهاتوویێکی نزیکدا تورکیا هەوڵ بدات گازی سروشتی هەناردە بکات و ئەوەش ڕاستەوخۆ مەترسی لە سەر ڕێگەی فرۆشتنی گازی سروشتیی ئێران دروست دەکات نەخوازەڵا لەو بارودۆخەدا کە سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بەردەوامە.

ساڵحی ڕوونیشی کردۆتەوە کە لە ئێستادا هیچ مەترسییێک لە سەر ڕێژەی فرۆشتنی گازی ئێران لە عێراق دروست نەبووە بەڵام ئەگەر پلانێکی گونجاو لەو بارەیەوە نەخرێتە بەردەست لە داهاتوودا نیگەرانی لە سەر هەناردەکردنی گازی سروشتیی ئێران دروست دەبێت.

News Code 189817

Your Comment

You are replying to: .
captcha