داوا له‌ حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌کرێت داخوازییه‌کانی خۆپیشانده‌ران له‌به‌رچاو بگرێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کۆمسیۆنى مافه‌کانى مرۆڤى عێراق به‌یاننامه‌یێکى له‌سه‌ر خۆپیشاندانه‌کانى هه‌رێمى کوردستان بڵاو کرده‌وه‌ و داواى دان به‌خۆداگرتن ده‌کات و په‌یامێکیش ئاراسته‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌کات و ده‌ڵێت "داواکاریه‌ شه‌رعییه‌کانى خۆپیشانده‌ران له‌به‌رچاو بگرن‌".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمسیۆنه‌که‌ به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ خۆپیشاندانه‌کانى هه‌رێم ده‌کات و له ‌به‌یاننامه‌یێکدا رایگه‌یاندووه‌، نیگه‌رانن له‌ رووداوه‌کان به‌تایبه‌تى پێکدادانه‌کان که‌ بوونه‌ته ‌هۆى بریندار بوونى ژماره‌یێک خۆپیشانده‌ر و ئه‌ندامى هێزه‌ ئه‌منیه‌کان، سه‌ره‌ڕای سووتاندنى بینای دامه‌زراوه‌کان و زیانگه‌یاندن به‌ موڵکى گشتى و له‌ناوبردنى به‌ڵگه‌نامه‌کان.

روونیشکراوه‌ته‌وه‌، له‌کاتێکدا کۆمسیۆن به‌پێى ده‌ستوور و یاساکان ته‌ئکید له‌ مافى خۆپیشاندانى ئاشتیانه‌ ده‌کاته‌وه‌، داوا له‌ حکوومه‌تى هه‌رێمیش ده‌کات داواکاریه‌ ره‌واکانى خۆپیشانده‌ران له‌به‌رچاو بگرێت و کار بکات بۆ گه‌یشتنه‌ گفتوگۆ و جێبه‌جێ کردنى داخوازییه‌کانیان وه‌ک دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى کار و خه‌رج کردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران و باش کردنى بارودۆخى ژیان.

کۆمسیۆنى مافه‌کانى مرۆڤى عێراق ته‌ئکیدیشى کردوه‌ته‌وه‌، پێویسته‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌کان تا ئه‌وپه‌ڕى پله‌ خۆیان کۆنترۆڵ بکه‌ن و خۆپیشانده‌ران بپارێزن، داواش له‌ خۆپیشانده‌ران ده‌کات پابه‌ند بن به‌ رێوشوێنه‌کانى خۆپیشاندانى ئاشتیانه‌ و ده‌ستدرێژى نه‌که‌نه‌سه‌ر موڵک و ماڵى گشتى و تایبه‌تى و هاریکارى هێزه‌ ئه‌منییه‌کان بکه‌ن له‌پێناو پاراستنى ئاشتى و ئاسایشى هه‌رێم و هاووڵاتیان.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189810

Your Comment

You are replying to: .
captcha