«کۆفان کەنعۆ» سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماؤەی دا بە بڕینی ئاوی حەسەکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەلایەن تورکیا و گرووپە چەکدارەکانەوە و ڕایگەیاند: کاتێک حکوومەتی تورکیا شوێنێک داگیر دەکات هەموو هەوڵێک دەدات بۆ درێژەدان بە دەستدرێژییەکانی. تورکیا هەر هەڵمەتێکی سەربازی، سیاسی، ئابووری و ڕەوانی بەکار دەگرێت تا زەبر لە کورد بدات. ئێستاش بۆ ماوەی بیست ڕۆژە ئاوی لەسەر خەڵکی حەسەکە بڕیوە تاکوو گوشار لەسەر خەڵک دروست بکات.
ناوبراو درێژەی دا تورکیا بیر لە دزینی کارەبا دەکاتەوە و بەم هەڵمەتە کە دەیدات دەیهەوێت کارەبایێک کە بەرهەم دێت و هی کوردەکان و خەڵکی ناوچەکەیە بۆ خۆی بیبات. ئامانجی تورکیا لە بڕینی ئاو بڕینی کارەبا لە ناوچەکەیە.
کۆفان کەنعۆ زیاتر وتی: لە ئێستادا لە ناوچەی «عەلوک» تا «حەسەکە» شازدە بیرەئاو بۆ دابین کردنی ئاوی پێویستی خەڵک هەڵکەندراوە و هیوادارین دۆخەکە ڕوو لە باشی بنێت.
سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا ئاماژەی دا بە هەوڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ دابین کردنی ئاوی ناوچەکە و وتی: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەمێکە سەرقاڵی ڕێگاچارە و جێگرەوەیێکە بۆ چارە کردنی ئەم پرسە.
ناوبراو ئاشکرای کرد: ئێمە پێشتر پێشنیاری ئەوەمان کرد لقێک لە ئاوی دیجلە بەرەو حەسەکە ڕابکێشرێت. بەڵام بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بیر لە ڕێگاچارەیێکی هەمیشەیی بۆ پرسەکە دەکاتەوە.
کۆفان کەنعۆ ئاماژەی دا بە هەوڵەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ ناکارامە نیشان دانی ئیدارەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری کوردستانی سووریا و وەبیری هێنایەوە: تورکیا دەیهەوێت بە خەڵک ڕابگەیێنێت کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر توانای ئیدارە کردنی ناوچەکەی نییە و ناوچەکەی بۆ بەڕێوەنابرێت.
ناوبراو جەختی کردەوە: تورکیا شەڕێکی بەربڵاوی دژ بە کورد دەست پێکردووە و دەیهەوێت لە ڕێگای سیخوڕ و ورووژاندنی عەشیرەتە عەرەبەکانی ناوچەکەوە یەکگرتوویی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تێک بدات.
کۆفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتیکی کوردستانی سووریا زیادی کرد: ئێستا لە ناوچەی "مەحتە حەمە" پەنجا بیرە ئاوی هەڵکەندووە کە ئێستا لە 25یان کەڵک وەردەگیردرێت و بڕیارەی 25 دیکەشی بۆ دابین کردنی ئاوی دانیشتووانی حەسەکە چالاک بکرێن.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment