شیعری کوردی ئاوێنەی نمای کۆمەڵگای کوردییە

بەشی فەرهەنگ و هونەر- دوکتور کەساس جەباری لەبارەی پێگەی شێعر و ئەدەب بەگشتی وتووێژێکی کورتی لەگەڵ چالاکی مەدەنی هەورامان بەهرامی کردووە و پێگەی شێعر و ئەدەب بەگشتی لە ژیانی سەردەمیانەی مرۆڤ و بە تایبەتی ژیانی مرۆڤی کورد بەرز دەنرخێنێت.

کوردپرێس:

موحەمەد ئەحمەد سەعید ناسراو بە "کەساس جەبباری" پرۆفیسۆر لە زمان و ئەدەبی کوردی بوو. لە کۆلێژی زمان بەشی کوردی زانکۆی سلێمانی خەریکی مامۆستایەتی بوو. لە دوایین سەردانی زانستیی بۆ کوردستانی ئێران لە کۆنگرەی نێونەتەوەییی ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان بەشداریی کرد و لەو کۆنگرەیەدا وتارێکی لە سەر "کاریگەریی دابڕان لە تێکستە شێعرییەکانی مەولەویدا"پێشکەش کرد. وەعد بوو لە فەیسبووک وتووێژێکی چڕوپڕ لەسەر شیعر و رۆڵی شیعر لە کۆمەڵگا لە ڕابردوو و لە ئێستا و لە ئایەندەش بکەین. پرسیارەکان نێردرایە خزمەتیان. وتی عەمەلیاتێکی دڵم هەیە لە تاران دوای ئەوە درێژەی ئەدەین. بەڵام بەداخەوە مەرگ ژیانی ئەم پیاوە مەزنەی پێچایەوە و ئەم وتووێژەی ئێمەی بە ناتەواوی هێشتەوە.

ئه‌ده‌ب و به‌تایبه‌ت شیعر هه‌میشه‌ دەورێکی ئێجگار بەرچاویان لە کۆمەڵگای رۆژهەڵات بە تایبەت لە کوردستان بینیوە. شێعر لە کوردستان تێکەڵ بە حەز و ناحەزییەکان، شادی و خەمەکان و سەرکەوتن و شکستەکانمان بووە. گەر سه‌یری شیعری کوردی بکه‌ین ده‌توانین لە مێژووی خه‌بات و کاره‌ساته‌کان و فەرهەنگ و کۆمەڵگای کوردی بە وردی تێبگەین.

دوکتور کەساس جەباری لەبارەی پێگەی شێعر لە کۆمەڵگای کوردی دەڵێت: "ئەدەب بەتایبەتی شیعر هەمیشه ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەڵە و ئاوێنە نمای هەموو ڕووداوەکانێتی بۆیە لەمێژووی پڕکارەساتی نەتەوەکەماندا شیعر ڕۆڵی کاریگەری بەرچاوی هەبووە لەتۆمار و وێناکردنی ئەو ڕووداوانە و وەک دیکۆمێنت پاراستوونی. هەر لە شیعرەکانی ئەحمەدی خانی و خانای قوبادییەوە تا مەولەوی و نالی و حاجی قادر و سالم و تا وەکوو سەردەمی نوێ و سەرهەڵدانی شیعری بەرەڤانی کە هەمیشە بۆ گەل وتراوە لە هاندان و لەدەرخستنی لایەنی چەوسانەوە و دەربڕینی بنەماکانی خەبات و بەرخودان هەروەها بۆ شکستەکانیش شیعر و شاعیران لە لاوانەوە و ستایشی سەرکردە و شەهیدەکاندا حزووری بەرچاویان هەبووە. شینەکانی شێخ نوری شێخ سالح و پیرەمێرد، کامەران موکری و هێمن جوانترین نموونەن. هەروەها شاعیرانی تریش کەمتەرخەم نەبوون.

ئەم پرسیارەش ئاراستە کرا کە ئایا لە دنیای ئەمرۆ و سەردەمی پێشکەوتنی سەنعەتی و کۆمەڵایەتیی مرۆڤی کورد شێعر هەر دەورەکەی جاران ئەگێڕێت؟ دوکتور کەساس جەباری لە وەڵامدا دەڵێت: "بەڵێ لەهەموو قۆناغەکاندا ڕۆڵێ بەرچاوی گێڕاوە وەک ئەو نموونە و شاعیرانەی کە باسم کردن لەقۆناغی نوێدا شیعرەکانی کامەران و شێرکۆ بێکەس و چەندین شاعیری دیکە بوونە هەوێنی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و گەنجان بۆ وەی بچنە سەنگەری بەرخودان و مقاوەمەتەوە.

شاعیر وەک تاکێکی کۆمەڵ بەشێک لەژینگەکەی لەکۆمەڵ دانەبڕاوە ئەگەر هەندێ جار شاعیر دوورکەوتبێتەوە بەهۆێ بارودۆخی سیاسییەوە بەڵام لە هەڵوێست و ڕووداوەکاندا دوورەپەرێز نەبووە و دەقی شایستەی ئەفراندووە. لە ئەنفال و هەڵەبجەدا، لە ناساندنی گەورەیی ئەم کارەساتە بە دنیا شیعر دەوری سەرەکیی بینیوە. بە تایبەت لە شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس. بۆ نموونەی سەردەمی ئێستا و هاتنی داعش و ژینۆسایدی ئیزەدییەکان بەرهەمی شیعری وەکوو ڕابردوو نەخولقاوە. پرسیاری ئەوە لە دوکتور کەساس کرا کە ئایا ئەمە نیشان نادا ئیدی شیعر و شاعیر دەوری جارانیان نیە؟ خوالێخۆشبوو لە وەڵامدا وتی: "سەبارەت بەئەدەبی پاش داعش هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە کە قسەی لە سەر بکرێ. چوونکە داهێنان مەرج نیە لە هەمان کاتدا لەدایک ببێ. جاری واهەیە پاش چەند ساڵ شیعرێک لەدایک ئەبێ کە ڕەنگدانەوەی دۆخ و هەڵوێستێکی پێشتری خۆیەتی. پاشان داعش نا بێتەقۆناغ بۆ مەسەلەی ئەدەب و ڕۆشنبیری تا بوترێ پاش داعش.

ڕەوت وقۆناغی ئەدەبی و ڕۆشنبیری لە نێو هەر نەتەوەیێکدا لە ئەنجامی سەرهەڵدانی کۆمەڵێ هەلومەرجی بابەتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەوە گۆڕانی بەسەردا دێ. قۆناغێکی نوێ لەوەی پێش خۆی ئەویش بە ماوەی چەندین دەیەی ساڵ. بەو گۆڕانکارییانەی کە بە سەر ژیانی مرۆڤ هاتووە پرسیار دێتە ئاراوە کە ئایا شیعر بۆ ئایەندەش هەر دەوری خۆی ئەبێت؟ دوکتور کەساس جەباری لەو بارەیەوە دەڵێت: "زۆر جار لە چەشنە ئەدەبییەکاندا هەندێ بابەت ون ئەبن لە شونیاندا بابەتی تر سەرهەڵئەدەن. بە شەپۆلێکی ئاوی ئەچوێنری بەرز ئەبنەوە و ئەنیشنەوە بۆ نموونە ئێستا شیعری داستانی کەمتر هەیە لە قۆناغی دوواتردا ڕۆمان سەریهەڵدا یا بابەتی تری وەک چیرۆک، کورتەچیرۆک، کورتیلە چیرۆک، بەڵام بۆ شیعر بەڵێ بەدرێژایی مێژووی خۆی ڕۆڵی خۆی هەبووە و ئێستاو داهاتوو و ئایندەش هەر ڕۆڵی خۆی هەیە. چوونکە کۆمەڵێ ڕەگەزی وەک سۆز ئەندێشە خەیاڵ تیادایە کەتایبەتن بەمرۆڤەوە واتە مرۆڤایەتی وابەستەی ناخی مرۆڤە...

ئامادەکردنی: هەورامان بەهرامی

News Code 189785

Your Comment

You are replying to: .
captcha