بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی هەریەک لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا جەخت لەسەر پابەندبوون بە رێککەوتنی نێوان هەردوولا کراوەتەوە.
لەو راگەیەندراوەدا هاتووە "هاوپەیمانییە ستراتیجییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەندە لەسەر خواستی هەماهەنگی بۆ بەدەست هێنانی ئاسایش و بەرەوپێشچوون".
تێیدا ئاماژە بەوەش کراوە، پێکەوە وڵاتانی نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانیویانە رووبەڕووی رێکخراوی چەکداریی داعش ببنەوە، ئەو هاوپەیمانییەتەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشەنگییەتی.
باس لەوەش کراوە، هەردوولا بەردەوامن لە هەماهەنگی و رێکخستن لەپێناو دڵنیابوونەوە لەوەی داعش نەتوانێت چیدیی خۆی رێکبخاتەوە و هەڕەشە بۆ سەر عێراق و هیچ وڵاتێکی دیکە دروست نەکات.
روونیش کراوەتەوە، "ئێمە جارێکی دیکە جەخت دەکەینەوە لەسەر پابەندبوونی ماوەدرێژ تایبەت بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوولا، لەپێناو بنیادنانەوەی هێز و تواناکانی سوپای عێراق و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی دژ بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی عێراق-ئەمریکا".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەماهەنگی و هاوکارییە ئەمنییەکان بنچینەیێک دادەنێت بۆ فراوان کردنی هەوڵ و هاوکارییەکانی دیکەش لە بوارەکانی ئابووری، مرۆیی، سیاسی و رۆشنبیریدا.
بەپێی ناوەرۆکی هەمان راگەیەندراو، پەتای کۆڤید-19 بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر دڵنیابنەوە لەوەی پێکەوە کارکردن گرنگە بۆ پێشکەوتن و بنیادنانەوەی عێراقێکی سەقامگیر، کە بتوانێت هەلی کار و خزمەتگوزاری بۆ گەلەکەی برەخسێنێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment