«موسلیم محەمەد» ئەندامی کومیتەی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ڕووداوی شەوی ڕابردوو کە هێرش کرایە سەر نووسینگەی حزبەکەیان لە شاری قامیشلۆ ناوەندی ناوچەی خۆسەری کوردستانی سووریا و ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو گرووپێک لەژێر ناوی "جەوانانی شۆڕشگێڕ" کە سەربە پارتی یەکێتی دیموکراتیک (PYD)-ن دەرکەی نووسینگە و لۆگۆی حزبی دیموکراتیان سووتاندووە.
ناوبراو درێژەی دا: ئەم ڕەفتارەی ئەوان شتێکی نوێ نییە. ئێستا بۆ 9 ساڵ دەچێت کە ئەم کۆمەڵە ئەم چەشنە هەڵمەتان دەدەن و بەردەوام دانوستانەکانی ئاشتی تێکدەدەن و بە کوشتن و ئەشکەنجەدان ڕێگری لە سەرکەوتنی گفتوگۆکان دەکەن.
موسلیم محەمەد زیاتر وتی: ئێمە وەکوو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) بە نێوەندگیریی سەرۆک بارزانی هاوپەیمانێتیێکمان لەگەڵ حزبی یەکێتی دیموکراتیک پێکهێنا، بەڵام ئەوان بە سووتاندنی نووسینگەکانمان و ورووژاندنی چەند گرووپێک ڕێگای دانوستان و ئاشتی دادەخەن.
ئەندامەکەی کومیتەی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) ئاماژەی دا بە کاردانەوەی حزبەکەی هەمبەر ئەو هەڵمەتە و وتی: ئێمە وەکوو پارتی دیموکرات و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا لەسەر هەمان ڕێچکەی گفتوگۆ و ئاشتین و لە دانوستانەکاندا دەمێنینەوە و بڕوامان بە فەرهەنگێکە کە لە بنەڕەتدا لەسەری دامەزراوین.
موسلیم محەمەد وتیشی: ئێستا ئەمریکا وەکوو لایەنی سێهەم دەبێت چاودێری بکات و شایەتحاڵی ڕەفتاری لایەنی بەرانبەر بێت و هەروەها داوا لە خەڵکی کورد دەکەین بەچاوی خۆیان ببینن کە لایەنی دیکە (PYD) بە چ شێوەیێک مێژووی خۆی کە تێکدانی گفتوگۆکانە دووپات دەکاتەوە.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: ئێمە بڕوامان بە فەرهەنگ و گفتوگۆ و دانوستانە. ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە دامەزراوین و لەسەر ئەم مەرامە دەمێنینەوە.
موسلیم محەمەد لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: هەرچەشنە تیرۆر و ئەشکەنجەدان و سووتاندنێک ئیدانە دەکەین و دەڵێین ئەم هەڵمەتانە خزمەتێک بە مرۆڤایەتی و گەلی کورد ناکات.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment