ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی گەمارۆی چەکی سەر ئێرانی درێژ نەکردەوە/ ئێران: ئەمریکا واز لە بێ ئابڕووکردنی خۆی بهێنێت

بەشی ئێران- وێڕای لۆبیگەری و موزایەدەی فراوانی ئەمریکا، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕۆژەبڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکی سەر ئێران ڕەت کردەوە و وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش بەیانێکی لەو بارەیەوە دەرکرد.

کوردپرێس:

ڕۆژی هەینی 14ی ئابی 2020 پڕۆژەبڕیاری ئەمریکا بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵی سەر ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی خرایە دەنگدانەوە و پڕۆژەکە دەنگی نەهێنا.

ئێران پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنەکە کرد و سەید عەباس مووسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو بارەیەوە لە تویتێکدا گوتی "لە مێژووی 75 ساڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا بەو جۆرە پەراوێز نەخراوە".

مووسەوی داوای لە ئەمریکا کرد لەوە زیاتر خۆی سووک نەکات و واز لە بێ ئابڕووکردنی خۆی بهێنێت چوونکە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەو بڕیارەی سەلماندی کە تاکڕەوی و قسەی تاکلایەنە لە جیهاندا کڕیاری نەماوە.

ئەمریکا لۆبی و کاری زۆری لە سەر پڕۆژە بڕیارەکە کردبوو و هیوای بەوە بوو کە بتوانێت بە هەر شێوازێک بووبێت گەمارۆی چەکی سەر ئێران درێژ بکرێتەوە. مایک پۆمپەیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، پاراستنی ئاشتی و ئارامیی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکانە، بەڵام ئەو ئەنجوومەنە جارێکی دیکە لە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەدا شکستی هێنا.

مایک پۆمپەیۆ رایگەیاند، چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەهۆی "تووندوتیژییەکانی ئێران"ـەوە رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە، داوایانکرد گەمارۆی چەکی سەر ئێران درێژبکرێتەوە. وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل پاڵپشتیان لە درێژکردنەوەی گەمارۆکە دەکرد و هەفتەی رابردووش هەر شەش ئەندامەکەی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو پێکەوە داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد بۆئەوەی ئەو گەمارۆیە درێژبکاتەوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت، واشنتن هیچکات پشتی دۆستەکانی لە ناوچەکەدا بەرنادات کە چاوەڕوانییێکی زیاتریان لە ئەنجوومەنی ئاسایش هەبوو. ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی حکوومەتی ئێران ئازادیی کڕین و فرۆشتنی چەکی نییە.

گەمارۆی چەکی سەر ئێران ماوەی 13 ساڵە بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپێندراوە، بەڵام لەسەر بنچینەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لە تشرینی یەکەمی داهاتوودا کۆتایی دێت.

News Code 189704

Your Comment

You are replying to: .
captcha