عێراق: ئوپەراسیۆنەکانی تورکیا سەقامگیریی ناوچەکە لەق دەکات/ عێراق بژاردەی زۆری بەدەستەوەیە بۆ وەڵامدانەوەی تورکیا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی دەرەوەی عیراق ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی چەكی زۆری بەدەستەوەیە بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عیراق لەوان بودجەی بازرگانی و کۆمپانیا تورکییەکان لە عێراق و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی بەغدا و هەروەها قووڵاییی عەرەبی کە عێراق هەیەتی.

کوردپرێس:

ڕۆژی پێنجشەمە 13ی ئابی 2020 میدیاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە زاری ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراق ڕایانگەیاند: ”عیراق چەكی زۆری بەدەستەوەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ توركیا، لەوانە بودجەی بازرگانی كە زیاترە لە 16 ملیار دۆلاری ساڵانە، دەیان كۆمپانیای توركی لە عیراقدان، وێڕای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی و قوڵاییی عەرەبی كە عیراق هەیەتی”.

بە وتەی سەحاف”ئۆپەراسیۆنێكی وەك ئەو ئۆپەراسیۆنە، دەبێتە مایەی لەقكردنی سەقامگیری لە ناوچەكە، لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك عیراق بەشێوازێكی دیپلۆماسی لەگەڵ ئەو دوژمنكاریی و دەستدرێژیانەدا مامەڵە دەكات، مانای ئەوە نییە كە توانای چارەسەری نییە”.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئاماژەی بە بوونی هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی دەرەوە و سێ‌ سەرۆكایەتییەكەش كرد، سەبارەت بە دەستدرێژییەكانی ئەم دواییەی توركیا.

سەحاف دەڵێت”ئێمە جەخت لەسەر بنەما دەستورییەكان دەكەین كە نابێت خاكی عیراق بكرێتە ڕێڕەو بۆ دەستدرێژكردنە سەر وڵاتانی دراوسی، لەگەڵ ئەوەشدا ڕەتیدەكەینەوە خاكی عیراق بكرێتە شانۆ بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان “.

شایانی باسە ڕۆژی سێ‌ شەممە 11ی ئابی 2020، فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا هێرشێكیان لەسەر سنووری عیراق ئەنجام دا و لە ئاكامدا پێنج كەس شەهید بوون كە دوو فەرماندەی پاسەوانی سنووری عیراق لەنێوانیاندا بوو.

پاش ئەوەی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ناوچەی سیدەکان و دوو ئەفسەری سوپای عێراق کوژران و ژمارەیێک هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون ڕۆژی چوارشەمە 12ی ئابی 2020 وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاند سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیای هەڵوەشاندۆتەوە کە وا بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی بەغداد بکات.

هاوکات سەرۆكایەتیی كۆماری عیراق، ئیدانەی هێرشەكەی توركیای كرد بۆسەر ناوچەی سیدەكان لە هەرێمی كوردستان و بە پێشێلكارییەكی مەترسیدار بۆسەر سەروەریی خاكی عیراق ناوی برد.

لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر سیدەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند "پێویستە پەکەکە و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق و چیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە".

هەروەها ناوەندی میدیایی و ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل لە بەیاننامەیێکدا لەبارەی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر سیدەکان و کوشتنی دوو فەرماندەی عێراقی ڕایگەیاند موشتنی فەرماندە عێراقییەکان بە زانایی و بە ئەنقەست بووە. هاوکات گازندەی ئەوەش لە هەرێم دەکەن کە تورکیا بە خاوەن ماف دەزانن و هێرشەکان بە هەپەگە دەبەستنەوە.

ئەم هەواڵانەش بخوێنەوە:

https://kurdpress.com/ku/details.aspx?id=181807

https://kurdpress.com/ku/details.aspx?id=181802

https://kurdpress.com/ku/details.aspx?id=181800

https://kurdpress.com/ku/details.aspx?id=181794

https://kurdpress.com/ku/details.aspx?id=181791

https://kurdpress.com/ku/details.aspx?id=181787

News Code 189684

Your Comment

You are replying to: .
captcha