کوردپرێس:
پاش ئەوەی تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ناوچەی سیدەکان و دوو ئەفسەری سوپای عێراق کوژران و ژمارەیێک هاووڵاتیی دیکەش بریندار بوون ڕۆژی چوارشەمە 12ی ئابی 2020 وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاند سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیای هەڵوەشاندۆتەوە کە وا بڕیار بوو ڕۆژی پێنجشەممە سەردانی بەغداد بکات.
هەروەها وتی " وەزارەتی دەرەوەی عێراق بانگهێشتی نوێنەری تورکیا دەکات و نووسراوێکی ڕادەست دەکات کە بە زمانێکی توند نووسراوە، هەروەها پێشی ڕادەگەیەنێت عێراق بە تەواوەتی دەستدرێژی و پێشێلکارییەکانی تورکیا لە وڵاتەکەدا ڕەت دەکاتەوە."
لە ماوەی ڕابردوودا سوپای عێراق ڕایگەیاند لە دەڤەری سیدەکات بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە دوو ئەفسەری پلە باڵای عێراقی سەر بە پاسەوانی سنوور کوژراون و دوو کەسی دیکە بریندار بوون.
شایانی باسە پێشتریش نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆمار لە بەیاننامەیێکدا ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و وتەبێژی سەرۆککۆمار ڕایگەیاند: هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق پێشێل کردنی سەروەریی ئەم وڵاتەیە و داوا لە دەوڵەتی تورکیا دەکەین کۆتایی بە هەموو ئوپەراسیۆنە سەربازییەکان بهێنێت چوونکە زیان بە نیازپاکیی دراوسێیەتی دەگەیەنێت.
ئەم هەواڵەش بخوێنەوە:
Your Comment