چاودێرێکی کاروباری تورکیا: ئەنقەرە قۆستنەوە لە تورکمانەکانی عێراق و سووریادەکات

بەشی جیهان- سینەم چەنگیز لە سەر ئەو قەناعەتەیە کە دەوڵەتی تورکیا نیازیەتی زیاتر لە تورکمانەکانی سووریا و تورکیا نزیک ببێتەوە و ئەو هاووڵاتییانە بۆ بەرژەوەندی و مەبەستی سیاسیی خۆی بەکاربهێنێت.

کوردپرێس:

سینەم چەنگیز چاودێری سیاسیی کاروباری تورکیا کە کارناسی پێوەندیی ئەو وڵاتە و وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە لە یادداشتێکدا نووسیویەتی: دەوڵەتی تورکیا لە کاتی ئوپەراسیۆنی هاوپەیمانیی دژەداعش لە عێراق سیاسەتەکانی خۆی لە بەرانبەر وڵاتانی دراوسێیەوە لە سەر چوار ئامانج داڕێژاوە: یەکەم ڕێگری کردن لە دابەش کردنی عێراق بەگوێرەی دەرهاویشتەی فیرقەیی و ڕەگەزی، دووهەم چاودێری کردن و ڕێگری کردن لە مەسەلەی هاتنەسەر دەوری دەوڵەتێکی دژی تورکیا لە عێراق، سێهەم دوورکردنەوەی پەکەکە لە سنوورەکانی تورکیا و لە ئەنجامدا پشتگیری کردنی تورکمانەکانی دوو وڵاتی سووریا و عێراق.

ئەو چاودێرە لە وتارەکەیدا کە گۆڤاری عەرەب نیوز بڵاوی کردۆتەوە لەو قەناعەتەدایە کە پشتگیرییەکانی تورکیا لە تورکمانەکانی دانیشتووی ناوچە کوردنشینەکانی عێراق و سووریا یەکێکە لە ڕوکنە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئەو وڵاتە لەبارەی عێراق و سووریا و بەتایبەتی لەبارەی عێراقەوە.

ناوبراو ئاماژە بە دیدارەکەی ئەم دوایییەی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ ئایدین مەعرووف دەکات کە تورکمانێکی هەرێمی کوردستانە و وەزیری ڕاوێژکارە لە کاروباری کەمینەکانی دەوڵەتی هەرمی کوردستان و هەروەها ئەندامێکی باڵای بەرەی تورکمانیی عێراقە و دەڵێت لەو دیدارەدا دوایین پێشهاتەکانی عێراق و پێوەندیی تورکیا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و مەسەلەی تورکمانەکانی عێراق باس و ڕاگۆڕینەوەی لە سەر کرا.

سینەم چەنگیز هەروەها ئاماژەی بە پێداگریی مەولوود چاوش ئوغڵۆ لە سەر پشتگیریی لە تورکمانەکان کە لە پەیجی تایبەتی چاوش ئوغڵۆ لە تویتەر بڵاو کراوەتەوە.

ئەو چاودێرەی کاروباری تورکیا هەروەهاش باسی چەند هەواڵ و ڕاپۆرتی لەباەی جووڵەی هێزەکانی پەکەکە لە کەرکووک کردووە و پێی وایە هەر بەو هۆکارە بووە کە تورکیا سەرنجی زیاتری خستۆتە سەر دۆخی تورکمانەکانی کەرکووک.

ناوبراو ئاماژەی بە پشتگیری کردنی تورکیا لە تورکمانەکانی سووریا و لیوای تورکمانەکانی سووریا کردووە کە نەیاری دەوڵەتی ناوەندیی سووریان.

ئەو چاودێرە سیاسییەی کاروباری تورکیا بڕواشی وایە تورکیا خۆی بە برا گەورەی کەمینە تورکمانییەکانی ناوچەکە دەزانێت و ئەگەرچی تورکمانەکانی عێراق و سووریا زۆر لە ساحەی سیاسیدا شوێندارەیی بەرچاویان نەبووە بەڵام ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە وەک پیاوی تورکیا بۆ نفووزی زیاتری ئەو وڵاتە لە عێراق و سووریا دەور بگێڕن.

News Code 189636

Your Comment

You are replying to: .
captcha