«بەکر حاجی عیسا» بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەیەدە لە ناوچەی فورات لە وەڵامی ئەم پرسیارەی کوردپرێسدا کە ڕێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان کوردانی سووریا و کومپانیا ئەمریکییەکە بە چ شێوەیێکە، وتی: لە هەر شوێنێک کە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر یا هێزەکانی سووریای دیموکرات سەرکەوتنێک تۆمار بکەن و لە بوارەکانی دیپلۆماسی، سیاسی، سەربازی و ئابووریدا سەربکەوتن لەلایەن حکوومەتەکانی سووریا و تورکیاوە هێرشیان دەکرێتە سەر.
ناوبراو درێژەی دا: ئەم ڕێککەوتنە نەوتییەش پرسێکی ئاساییە چوونکە بۆریە نەوتییەکان لە ناوچەی ژێر کونترۆڵی هێزەکانی سووریا دیموکراتدایە و خەڵکانێک کە لەم ناوچەیە دەژین هەموویان سووریاین و بەشێک لە وڵاتی سووریا دێنە ئەژمار.
ناوبراو زیادی کرد: با لەبیری نەکەینەوە، هێزەکانی سووریای دیموکرات داعشیان لعەم ناوچەیە وەدەرنا و پێش ئەمەش داعش نەوتی ئەم ناوچەیەی لەناو دەبرد یا دەیفرۆشتە تورکیا. ئەم ڕێککەوتنەش بۆ خزمەت کردن بە خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە.
بەکر حاجی عیسا ئاماژەشی بە حەشیمەتی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا و وتی: نزیکە پێنج و نیو بۆ شەش ملیۆن کەس لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا جێگیرن و ئێمە بەرپرسی دابین کردنی بژیوی ژیانی ئەو خەڵکەین و پێویستە بۆ ئەم کارەش لەگەڵ کومپانیاکان ڕێککەوتن بکەین.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەیەدە لە ناوچەی فورات ئاماژەی بە هەوڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ کومپانیای نەوتیی ئەمریکی بەبێ مۆڵەتی حکوومەتی ناوەندیی سووریا و وتی: ئە هەڵمەتە هەڵە نییە و قەدەغەکراویش نییە، هەموو حکوومەتێک لە بەرژەوندیی خەڵکی خۆی گرێبەستی لەو چەشنە دەبەستێت، حکوومەتی ناوەندیی سووریاش پێوەندیی لەگەڵ کومپانیا ئەمریکییەکان لەوان (شێل) هەیە.
بەکر حاجی عیسا وتیشی: دووبارە جەخت دەکەمەوە ئەم ڕێککەوتنە و ڕێککەوتنی لەم شێوە لە بەرژەوندیی خەڵکە و سوودەکەشی بۆ خەڵکی ناوچەکە و هەموو سووریا دەگەڕێتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە ئێستادا گەمارۆ دراوە و ڕێگایێکی لەبەردەست نییە جگە لە دەرهێنان و فرۆشتی نەوت بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی خەێکی دانیشتووی باکووری سووریا.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە: بۆ پاڵاوتنی نەوت و بەرهەمهێنانی بەنزین و دامەزراندنی پاڵاوگە پێویستمان بە ڕێککەوتن لەگەڵ کومپانیا پسپۆڕەکانە کە توانای ئەم کارەیان ببێت.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەیەدە لە ناوچەی فورات ئاماژەی دا بە لاری نواندنی حکوومەتەکانی تورکیا و سووریا لەمبارەوە و وتی: حکوومەتی ناوەندیی سووریا و تورکیا ترسیان لەم بابەتە هەیە کە ئەم چەشنە ڕێککەوتنە نەوتییە لەگەڵ کومپانیایێکی ئەمریکی دەبێت هۆی ئەوەی کە وڵاتانی ڕۆژاوا دان بە بوونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا بنێن.
بەکر حاجی عیسا ئاشکرای کرد هەر بەبۆنەی ئەم ترسەوە ئەوان هەڵمەتەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەکوو دزی و تاڵان کردن وەسف دەکەن لە حاڵێکدا کە خۆیان ساڵانێکە فەرهەنگ و شۆناس و زمان و سەرچاوەکانی ئەم خەڵکە تاڵان دەکەن.
ناوبراو وتی: دەرهێنانی چەند بەرمیل نەوت بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی خەڵک دزی کردن و تاڵان کردن نییە بەڵکوو ئاکاری ئەوان لەماوەی ئەم هەموو ساڵەدا لەگەڵ خەڵکی ئەم ناوچەیە بەتاڵان بردن و دزییە.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی پەیەدە لە ناوچەی فورات ئاماژەی دا بە مافی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە بەستنی ئەم چەشنە گرێبەستەدا و وتی: لەناو شەڕ و بشێوەی سووریادا هیچ ڕێککەوتنێکی حکوومەتی ناوەندیی سووریاش هیچ شەرعیەتێکی نییە. ئێمە بەرپرسی خەڵکی خۆمانین و دەبێت پێداویستییەکانیان دابین بکرێت. هەوڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی سووریای دیموکرات هەوڵێکی بەجێیە چوونکە بۆ پاکسازیی ئەم ناوچەیە لە تیرۆریستەکان یازدە هەزار کەس گیانی خیان بەخت کرد تا خەڵکی ئەم ناوچەیە ڕزگارییان ببێت.
بەکر حاجی عیسا ئاشکراشی کرد: ئەم ڕێککەوتنە بۆ خزمەت کردنی هەموو دانیشتووانی باکوور و باکووری ڕۆژاوای سووریایە و تەنها بۆ میللەتێکی تایبەت نییە. ساڵەهایە پەرلەمانی سووریا ئاگایان لە دەرهێنان و ڕێژەی فرۆشی نەوتی سووریا نییە.
ناوبراو زیادی کرد ڕۆزێکیان نوێنەرێکی پەرلەمانی سووریا پرسیاری لە حافز ئەسەد کرد کە داهاتی فرۆشتنی نەوت بۆ کوێ دەڕوات؟ ئەو وڵامی دایەوە، نەوت لە دەستێکی ئەمیندایە! ماوەی پەنجا ساڵە خەڵکی سووریا ئاگایان نییە لە جۆنیەتیی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لە سووریا.
بەرپزسەکەی پەیەدە ڕاشیگەیاند: زۆرینەی کێڵگە نەوتییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادان بەڵام بەرژەوندییەکانی بۆ دیمەشق و بەرپرسانی ناکارامەی ناوەند دەڕوات و بۆنی خراپ و نەخۆشیەکەی بۆ خەڵکی ئەم ناوچە دەمێنێتەوە.
بەکر حاجی عیسا وتیشی: بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر ئەم ڕەوتەی گۆڕی و سوودی نەوتی بۆ خەڵکی ناوچەکە و خەڵکی سووریا دەوێت بۆ دابین کردنی بژیوی ژیانیان. خەڵک هی هەموو خەڵکی سووریایە و نابێت بۆ کەس و گرووپێکی تایبەت بێت و دەبێت بەشێوەی دادپەروەرانە دابەش بکرێت.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment