عێراق بڕە کارەبایێک لە ھەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی خۆی رادەکێشێت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، حکوومەتی عێراق بەنیازە بڕە کارەبایێک لە ھەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ شارەکانی خۆی رابکێشێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزیری کارەبای عێراق، رۆژی دووشەممە 2020-07-27 لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران کۆ بووەتەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری بەپەلە بۆ دابین کردنی کارەبا بۆ هاووڵاتییانی عێراق، بڕیاریان داوە 450 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان و 200 مێگاوات لە تورکیا بکڕن، ئەوەش دابین کردنی کارەبا لە ناوەڕاستی عێراق باشتر دەکات.

لەمبارەوە ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان گوتی، زانیارییان پێگەیشتووە لەبارەی ئەو هەوڵەی حکوومەتی عێراق، "بۆ ئەو مەبەستە لە وەزارەتی کارەبا ئەو بابەتەمان تاوتوێ کردووە و بەڵێنمان داوە بە مەرج رێگە پێدانەکە بە بەغدا بدەین".

یەکێک لە مەرجەکان ئەوەیە، نابێت ئەو کارەبا پێدانە ھیچ کاریگەرییێکی لەسەر کەم کردنەوەی کارەبای نیشتمانی لە ھەرێمی کوردستان ھەبێت. هاوکات بەغدا سووتەمەنی بۆ یەکە لەکارکەوتووەکانی کارەبای ھەرێمی کوردستان دابین بکات و کارەباکە لەو یەکانەوە ببات.

ئەو یەکانەی لەکارکەوتوون ھی وەبەرھێنەرانن، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "ھەرکات حکوومەتی عێراق ئەو مەرجانەی جێبەجێ کرد و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش رەزامەند بوو، ئەوکات رێگەی پێ دەدرێت".

لە هەرێمی کوردستان 14 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا هەن، کۆی توانای وێستگەکان دەگاتە شەش هەزار و 737 مێگاوات، بەڵام تەنیا نزیکەی سێ هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنن.

له‌ هه‌ولێر یه‌ک یه‌که‌، له‌ سلێمانی یه‌ک یه‌که‌، له‌ بازیان یه‌ک یه‌که و له‌ دهۆک شه‌ش یه‌که‌ی بەرهەمهێنانی کارەبا وه‌ستاون، ئه‌گه‌ر ئه‌م یه‌کانه‌ سووته‌مه‌نییان بۆ دابین بکرێت، به‌گه‌ڕ دەخرێنەوە.

بەپێی بودجەی فیدراڵی ساڵانی پاش 2003 تاوەکوو ئێستا حکوومەت زیاتر لە 40 ملیار دۆلاری لە کەرتی کارەبا خەرج کردووە، کەچی لە چەندین ناوچەی عێراق رۆژانە تەنیا بۆ 12 کاژێر و کەمتر کارەبای نیشتمانی دابین دەکرێ.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189626

Your Comment

You are replying to: .
captcha