کوردپرێس:
گۆڤاری فۆرین پۆڵسیی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا هێزەکانی سەربە پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیێک لە سەربازە عێراقییەکان بەوە تۆمەتبار دەکات کە هەوڵی ئەوەیان دابێت ناوچەی ئاشوورینشینی دەشتی نەینەوا کۆنتڕۆڵ بکەن.
گۆڤارەکە بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی تۆمەتبار کردووە و نووسیویەتی پارتی گوشاری خستۆتە سەر هاووڵاتییانی ئاشووریی دانیشتووی ناوچەکە و هەوڵ دەدات ئەو ناوچەیە بلکێنێت بە خاکی هەرێمی کوردستانەوە.
هەروەهاش نووسیویەتی هەوڵی پارتی و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لکاندنی ئەو ناوچەیە بە خاکی هەرێمەوە چەند ساڵە بەردەوامە و هەر بەو بۆنەشەوە دەشتی نەینەوایان خستۆتە ڕیزی ناوچە جێناکۆکەکان و مەبەستیانە لەئەنجامدا بیخەنە ژێر کۆنتڕۆڵی هەولێرەوە.
گۆڤارە ئەمریکییەکە نووسیویەتی پارتی پاش ئەوەی بەرپرسە خۆجێیییەکانی ئەو ناوچەیەی بەتایبەتی لە "القوش" لە کار لادا ئەندامێکی ئاشووریی پارتیی بە شارەوانی ئەو شارە دەستنیشان کرد و هیچ ناڕەزاییێکیش بەرانبەر بەو بڕیارەی قبووڵ ناکات.
بەگوێرەی نووسراوی فۆرین پۆڵسی، ئاشوورییەکانی دەشتی نەینەوا داوایان کردووە هێزەکانی پارێزەری دەشتی نەینەوا ئەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکەن کە لە ساڵی 2014 بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بە هاوبەشی لەگەڵ پێشمەرگە دامەزرابوو. ئەنجومەنە مەدەنییە ئاشوورییەکان دەڵێن لەو ناوچانەی لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی پارێزەری دەشتی نەینەوادایە هاووڵاتیی زیاتر گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بەڵام لەو ناوچانەی بە دەست کوردەوەیە هاووڵاتیی ئاشووریی کەمتر گەڕاونەتەوە. بۆیە ئەو دامەزراوە مەدەنییە ئاشوورییانە داوایان لە ئەمریکا ودەوڵەتی ناوەندیی عێراق کردووە سەرنجی زیاتر بخەنە سەر ناوچەی دەشتی نەینەوا.
Your Comment