هیچ ئەندامێک لە ڕیزەکانی PYD نیە کە هاووڵاتیی سووریا نەبێت

بەشی سووریا- هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک لە ناوچەی فورات بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە هیچ ئەندامێ لە ڕیزەکانی پەیەدەدا نیە کە هاووڵاتیی سووریا نەبێت. ئەوەش وەک کاردانەوەیێک بە لێدوانەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا کە وتبووی ئەو ئەندامانەی پەیەدە کە هاووڵاتیی سووریا نین لە ڕیزەکانی ئەو حیزبە بکشێنەوە.

کوردپرێس:

ئەحمەد شێخۆ ئەندامێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتی (PYD) لەبارەی لێدوانەکەی "سعوود مەلا" سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) سەبارەت بە کشانەوەی ئەندامە ناسوورییەکانی پەیەدە لەو حیزبە بە هەواڵنێری کوردپرێسی وتووە: هەر کاتێک کورد نیازیەتی یەک بگرێت دوژمنان دەرفەتیان نادەن و خودی کوردەکانیش هەڵوێستی خراپ بەرانبەر بە یەکتر دەگرن و لە ئەنجامدا یەکگرتنەکە تووشی خەلەل دەبێت. بەتایبەتی لەو کاتەوە کە پڕۆژەی یەکگرتنی لایەنە کوردییەکانی سووریا دەستی پێکردووە خەڵکانێک هەن کە ڕێگری لەو داپەڕە دەکەن.

ناوبراو دەشڵێت: ئێمە دەزانین کە کێ دژی ئەو یەکگرتنەیە و بۆچی نایهەوێت پڕۆژەی یەکگرتنەکە تەواو بکرێت و بگاتە ئەنجام.

ئەحمەد شێخۆ گوتیشی: ئێمە حیزبێکی سووریین و لە کوردستانی سووریا کار دەکەین و ئەم وتانەی هەندێک کەس وتوویانە، ئەوانەی هاووڵاتیی سووریا نین لە ئەندامێتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک بکشێنەوە وتەیێکی دروست نیە.

هاوسەرۆکی پەیەدە یەکێتیی لە ناوچەی فورات ئاشکراشی کرد: لە ئەساسدا هیچ ئەندامێک لە پەیەدە نیە کە خەڵکی وڵاتێک جگە لە سووریا بێت. ئێمە چاومان لە وەزعی کوردەکانی تریشەوەیە و دەرگای ماڵمان بە ڕووی ئەواندا کراوەیە. کوردستانی سووریا لە شەڕی دژبە داعشدا قەرزداری ئەو گەنجە خۆبەخشانەیە کە لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانییەوە بۆ شەڕی دژبە تیرۆر خۆیان گەیاندبووە ئێرە.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک گوتیشی: ئەرکێکی ئەخلاقی ئەوەیە کە ئەگەر کەسێک لە هەر ناوچەیێکی جیهانەوە بۆ شەڕی دژبە تیرۆر و داعش ڕووی کردە کوردستانی سووریا میوانی ئێمەیە.

هاوسەرۆکی پەیەدە لە ناوچەی فورات ئەوەشی بیر هێنایەوە کە ئەوانەی لە پارتی یەکێتیی دیموکراتیکدا کار دەکەن هاووڵاتیی سووریا و ڕەگەزنامەی سووریان هەیە و جگە لەوەش کەس ئەندامی حیزب نیە.

ئەحمەد شێخۆ زیادیشی کرد: ئەم قسانە تەنها بیانوو و پاساوە بۆ ئەوەی مەسەلەی یەکگرتنی کورد سەر نەگرێت و ئەمەش گوشارێکە کە لە توانای ئەواندا نیە و لە دەرەوە و لە سەرەوە سەپێنراوەتە سەریان.

News Code 189555

Your Comment

You are replying to: .
captcha