بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئارام ناجی بالەتەیی، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدووانێکی تایبەتی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا گوتی: ''هەولێر و بەغدا دەربارەی زۆر خاڵ لە یەک نزیکن، تەنیا ڕێککەوتن ماوە و ئەویش لە دووای جەژن دەکرێت و ئەمڕۆ هەموو داتا و گرێبەستەکانی نەوت و پێشمەرگە و فەرمانبەرانمان پێشانی حکوومەتی عێراق داون و ئێستا هەموو زانیارییەکانمان لەبەردەستی وەزیری نەوتی حکوومەتی عێراقە و ئەو خۆی بۆچوونێکی ئەرێنیی دەربارەی شەفافیەتی گرێبەستەکان هەیە.''
ناوبراو ئاماژەیشی دا: "وەزیری نەوت، خۆی بڕوای بە داتای کۆمپانیای دیلیۆت هەیە و یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی کە لە بواری شەفافیەتدا خاوەنی سومعەیێکی گەورەیە، ئەو دانی بەو داتایایەدا ناوە، ئەمەش ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی کۆتایی بکەین."
ئارام ناجی بالەتەیی ڕایگەیاند "تەنیا ناکۆکیمان ئەوەیە کە ئێمە داوای گوژمەیێکی زۆرتر دەکەین بۆ ئەوەی مووچەیی فەرمانبەرانی پێ دابین بکەین، لە نێوانماندا خیلافی گەورە نییە و هیچ ڕێگایێکی تریش جگە لە ڕێککەوتن نییە و ڕەوشەکەش لە نێوان هەردوو لادا هیچی تر نییە، لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە ڕێک بکەون، چوونکە بەرژەوەندیی هاوبەشمان زۆرە لە بواری ئاسایش و کارەبا و زۆر شتی تر و عێراقیش پێی خۆش نییە دەرگایێکی تر بەسەر کێشەکاندا بکرێتەوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment