کۆبوونەوەکانی وەزیری ناوخۆی عێراق لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بەڕێوە چوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزیری ناوخۆی عێراق لە سەردانەکەی بۆ هەولێر لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دیداری کرد.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 29/7/2020 عوسمان ئەلغانمی وەزیری ناوخۆی عێراق بە شەردانێک گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی و سەرۆکی حکوومەت و سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دیدار و گفتوگۆی کرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یێكی نێوان نێچیرڤان بارزانی و وەزیری ناوخۆی عێراقیدا دۆخى ئه‌منیى عێراق و مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و جموجووڵه‌كانى داعش، چالاكیى داعش له‌سه‌ر سنوورى ‌نێوان عێراق و سووریا و گرنگیى كۆنترۆڵكردنى ئه‌و سنووره‌، دۆخى ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانى عێراق، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى وه‌زاره‌تى ناوخۆى حكوومه‌تى فیدرال و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، دۆخى ناوچه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانى شه‌ڕى تیرۆر و چه‌ند پرسێكى دیكه‌یان تاوتوێ كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ناوخۆى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، داكۆكى له‌سه‌ر به‌رده‌وامى و بره‌ودان به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ناوخۆى فیدرال و هه‌رێم و دامه‌زراوه‌كانیان له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، كرایه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێزانینى خۆى بۆ ڕۆڵى ئه‌رێنیى به‌ڕێز وه‌زیرى ناوخۆى عێراق و هه‌وڵه‌كانى بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى.

لە دیدارێکی دیکەشدا عوسمان ئەلغانمی وەزیری ناوخۆی عێراق لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دیداری کرد و لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و بەتایبەتی پەرەپێدانی هەماهەنگی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و ناوچە سنوورییەکان کرا.

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی فیدراڵی ئاماژەی بەو دۆخە سەختە کرد، کە عێراق و هەرێمی کوردستان پێیدا تێپەڕدەبن بە هۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی کە هەماهەنگی و هاوکاری هەردوولای پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان. گوتیشی سەرۆک وەزیران مستەفا کازیمی ئامادەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ چارەسەرێکی بنەڕەتی کێشەکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی دەربڕی لە چوارچێوەی دەستوور بە جۆرێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بن و لە بەرژەوەندی گشت هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

هەروەها لە دیدارێکی جیاوازیشدا مسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازیی لە عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق کرد و لە دیداری نێوانیاندا باس لە هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن لەوەی پەیوەستە بە ئەمنییەت و ئاسایش بە تایبەت لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرا.

News Code 189524

Your Comment

You are replying to: .
captcha