کونسووڵی ئێران داوای چارەکردنی کێشەی کۆمپانیا ئێرانییەکان لە هەولێر دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- کونسووڵی ئێران لە شاری هەولێر لەگەڵ فرسەت سۆفی پارێزگاری ئەو پارێزگایە دیداری کرد و تەوەری دیدارەکەش زیاتر باسی کێشەی کۆمپانیا ئێرانییەکانی هەولێر و گەڕانەوەی فەرمانبەرە ئێرانییەکان بوو بۆ دەوامەکانیان و بەردەوام بوونی پڕۆژەکانیان لە هەولێر.

کوردپرێس:

کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر ڕایگەیاند نەسروڵڵا ڕەشنوودی کونسووڵی ئێران لە هەولێر ڕۆژی سێشەمە 7ی گەلاوێژی 1399 بەرانبەر بە 28ی تەمووزی 2020 لەگەڵ فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دیداری کرد.

لە دیدارەکەدا کونسووڵی ئێران سپاسی هاوکارییەکانی پارێزگاری هەولێری کرد کە بەو دۆخەی بڵاوبوونەوەی کۆرنا دیسان ئاسانکاریی کردووە ئەو هاوڵاتییە ئێرانییانەی نیشتەجێی هەولێر بوون بگەڕێنەوە بۆ ئێران.

کونسوڵی ئێران جەختی کردە سەر بەردەوام بوونی هاوکاریی ئابووری و دەوڵەمەندکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دوو لایەنە و ڕۆڵی ئەو هاوکارییانەی لە چاککردنی دۆخی ئابووریی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ئێران بەرز نرخاند و داواشی کرد چارەسەرێکی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی کۆمپانیا چالاکە ئێرانییەکان بگەڕێنەوە سەر ئەو پڕۆژانەی کە بە نیوەچڵی ماونەتەوە.

ڕەشنوودی ئاشکراشی کرد کە ئێران دەرک بە گرینگیی پێوەندیی ئابووری دەکات و لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆناوە بە تەواوی لە سەر سنوورەکان ڕەچاوی ڕێنماییە تەندروستییەکانی کردووە و ڕێگەی نەداوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ هەرێم پەکی بکەوێت و ئاسانکاریی کردووە بۆ ئەوەی بازرگانان و نەخۆشانی هەرێمی کوردستان بۆ تێپەڕاندنی کارەکانیان سەردانی ئێران بکەن.

هەر لە دیدارەکەدا فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر سپاسی هاوکارییەکانی ئێرانی کرد و ڕێنمایی و پڕۆژەی بەرپەرچدانەوەی کۆرۆنای شی کردەوە و گوتیشی بە گوێرەی ئەو بڕیارانەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەریکردوون ئومێد دەکرێت ئاسانکاریی پێویست بۆ گەڕانەوەی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانە بکرێت کە ئیقامەی هەولێریان وەرگرتووە.

News Code 189512

Your Comment

You are replying to: .
captcha