سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی کۆ بووەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- شەوی یەکشەممە 26-7-2020، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەولێر کۆ بووەوە.

کوردپرێس: بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هه‌ردوولا له‌ "که‌شوهه‌وايێکى ئيجابى و دۆستانه‌دا"، به‌ڕاشکاوى کێشه‌ و گرفته‌کان و بارودۆخى هه‌رێمى کوردستان و په‌يوه‌ندييه‌ دووقووڵييه‌کانيان تاوتوێ کردووە.

تۆڕی میدیایی رووداو بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت له‌سه‌ر زه‌رووره‌تى په‌يوه‌نديى نێوان پارتى و يه‌کێتى به‌تايبه‌تى و سه‌رجه‌م لايه‌نه‌ سياسى و پێکهاته‌کانى کوردستان به‌مه‌به‌ستى "چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان و پاراستنى يه‌کڕيزى و ته‌بايى که‌ زه‌رووره‌تێکى ئه‌م قۆناخه‌ هه‌ستياره‌يه‌ بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و بارودۆخه‌ قورسه‌ى له‌ ده‌ره‌نجامى په‌تاى کۆرۆنا و قه‌يرانى دارايى و کێشه‌کانى ديکه‌دا به‌سه‌ر هه‌رێمى کوردستاندا هاتووه‌ کراوە".

هەردوولا بەردەوامیی گفتوگۆکانیان بە پێویست زانی کە "ئامانج لێى چاره‌سه‌رکردن و زاڵبوون به‌سه‌ر کێشه‌کاندا و سووک کردنى ئه‌و باره‌ قورسه‌يه‌ له‌ ده‌ره‌نجامى کێشه‌ و قه‌يرانه‌کان که‌وتووه‌ته‌ ئه‌ستۆى هاووڵاتيان".

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوسەرۆکی یەکێتی لە چوارچێوەی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتییە و وا چاوەڕوان دەکرێت، ئەنجامی هەبێت لە لێکنزیک کردنەوەی ئەو دوو حیزبە تاوەکوو کۆبوونەوەی نێوانیان بکەن.

هاوکات، رۆژی یەکشەممە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی پەیوەندییێکی تەلەفۆنییان لەبارەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام داوە. بافڵ تاڵەبانی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ 24 کاژێر کردووە تاوەکوو دەرفەت بۆ سەرکردایەتیی ھەردوولا هەبێت بۆ ئەوەی بگەنە تێگەیشتنێکی ھاوبەش.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189479

Your Comment

You are replying to: .
captcha