نێچیرڤان بارزانی: پشتیوانیی لە کار و چالاکییەکانی تیمى نێودەوڵەتى بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش دەکەین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە کەریم خان، ڕاوێژکارى تایبەتى تیمى نێودەوڵەتیى بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش (یوونیتاد) کرد و پشتیوانی خۆی بۆ کار و چالاکییەکانیای ڕاگەیاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە کەریم خان، ڕاوێژکارى تایبەتى تیمى نێودەوڵەتیى بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانى داعش (یوونیتاد) کرد و لە کۆبوونەوەکەدا دوایین هەنگاوەکانى کار و ئەرکى یوونیتاد و کاریگەریى بڵاو بوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا لەسەر کارەکانیان تاوتوێ کرا.

لەو دیدارەدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگىی هەماهەنگیى عێراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ تیمەکەیان کردەوە لەپێناو دابین کردنى دادپەروەرى بۆ قوربانیانى دەستى داعش و دادگایی کردن و بەسزاگەیاندنى تاوانباران کە دەبێتە هۆکارێکى دروست بوونەوەى متمانە و ڕێخۆشکەر دەبێت بۆ سەقامگیرى و پێکەوەژیان و ئاوەدان کردنەوەى ناوچە زیانبەرکەوتووەکان و گەڕانەوەى ئاوارەکان.

نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى دووپاتکردنەوەى پشتگیریى بۆ کار و ئەرکى یونیتاد، ئامادەییى هەرێمى کوردستانى بۆ کارکردن لەگەڵ تیمەکە و حکوومەتى فیدرالى عێراق بۆ سەرخستنى ئەرکەکەیان دووپات کردەوە.

سەرۆکی هەرێم لەو دیدارەدا رایگەیاند کارەکانی ئەم تیمە لە بەرژەوەندیى هەموو پێکهاتەکانى عێراقدایە، بەوپێەى هەمووان قوربانیى دەستى داعشن.

هەموار کردنەوەى یاساى پەیوەندار بۆ بەڕێوەچوونى پرۆسەى دادگایی کردنى تاوانباران، بایەخدان بە لایەنى پەروەردەیى بۆ قووڵ کردنەوەى پێکەوژەیان و لێبوردەیى و ڕێگرى لە دووبارەبونەوەى تاوانەکان، پرۆسەى کۆکردنەوەى بەڵگەکانى تاوان و بەئەلەکترۆنی کردنیان، ڕاهێنانى دادوەران و کارکردن بەپێى ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، چەند تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوون کە تیایدا کەریم خان سوپاسى پشتگیریى نێچیرڤان بارزانى و هاوکارى و هەماهەنگیى هەرێمى کوردستانى بۆ ئەرک و کارەکانیان دووپات کردەوە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189432

Your Comment

You are replying to: .
captcha