کوردپرێس:
ڕۆژی سێشەمە 31ی پووشپەڕی 1399 بەرانبەر بە 21ی تەمووزی 2020 ئایەتوڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە دیدار لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق کە بە یاوەریی شاندێکی باڵای عێراقی سەردانی تارانی کردووە لە سەر هەندێک تەوەری گرینگی ناوچەکە باس و گفتوگۆی کرد.
ئایەتوڵڵا خامنەیی لە وتەکانیاندا تیشکیان خستە سەر دۆخی ئێستا عێراق و ناوچەکە و جەختیان کردەوە ئێران بەردەوام موقیفی بەرانبەر بە عێراق ئەوە بووە کە ئەو وڵاتە خاوەنی سەربەخۆیی و شەرەف و یەکڕیزی و تەباییی پێکهاتە عێراقییەکان بێت.
ڕێبەری باڵای ئێران ئاماژەی بە پێوەندیی مێژوویی و کەلتووری و ئابووریی نێوان ئێران و عێراق کرد و ڕایگەیاند ئەوەی لە پێوەندیی نێوان تاران و بەغدا گرینگە بەرژەوەندی و ئاسایش و سەروەریی هەر دوو وڵات و ناوچەکەیە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی ئەوەشی دووپات کردەوە کە ئێران هەرگیز نیازی نەبووە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق بکات و بە پێچەوانەوە هەمیشە خوازیاری سەروەری و سەربەخۆی و یەکڕیزیی پێکهاتە عێراقییەکان بووە بەڵام بە پێچەوانەوە ئەمریکا دوژمنی عێراقە و هەرگیز حەزی نەکردووە عێراق خاوەنی دەسەڵات و سەروەری و یەکڕیزیی ناوخۆیی بێت.
ڕێبەری باڵای ئێران گوتیشیان: لای ئەمریکییەکان گرینگ نیە چ کەسایەتییێک لە عێراق خاوەنی دەسەڵات بێت. ئەمریکییەکان حکوومەتی کەسێکی وەک پۆل برێمریان دەوێت کە لە سەرەتای ڕووخانی سەدامدا دەوری دەگێڕا.
ئایەتوڵڵا خامنەیی زیادیشیان کرد کە ئێران چاوەڕوانیی ئەوە لە عێراق دەکات کە بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بۆ دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان جێبەجێ بکرێت چوونکە ئەمریکییەکان لە عێراق هۆکاری نائەمنی و ناسەقامگیرین.
بەڕێزیان جەختیان کردە سەر پەرەپێدانی زیاتری پێوەندیی نێوان ئێران و عێراق و گوتیشیان: هەڵبەت خەڵکانێک هەن کە حەز بە پێوەندیی باشی نێوان ئێران و عێراق ناکەن و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکایە بەڵام نابێت هیچ سڵ لەم ناحەزانە بکەین چوونکە هیچیان پێ ناکرێت.
لای خۆیەوە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە لەگەڵ ڕێبەری باڵای ئێران دیداری کردووە و ئینتمای بۆ پێوەندییە مێژوویی و فەرهەنگی و ئاینییە قووڵەکەی نێوان عێراق و ئێران کرد و گوتیشی ئامۆژگارییەکانی ڕێبەری باڵای ئێران بەسوود بووە و بۆ ئەو ئامۆژگارییانە سپاسی ڕێبەری باڵای ئێران دەکات.
Your Comment