کوردپرێس:
ڕۆژی سێشەمە 30ی پووشپەڕی 1399 بەرانبەر بە 21ی تەمووزی 2020 حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران لە تاران پێشوازیی کرد لە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی عێراق کە بە یاوەریی شاندێکی باڵا سەردانی ئێرانی کردووە.
کازمی لە یەکەم دیداردا لەگەڵ حەسەن ڕۆحانی سەرۆککۆماری ئێران کۆ بوویەوە و لە دیدارەکەدا کۆمەڵێک تەوەری گرینگ بەتایبەت باسی کۆرۆنا و مەسەلەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق ڕاگۆڕینەوەی لەسەر کرا و هەر دوو لا بەشداریی پرێس کۆنفڕانسێکی هاوبەشیان کرد.
سەرۆککۆماری ئێران لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕایگەیاند ئێران بە هەموو شێوەیێک ئامادەیە یارمەتیی عێراق بدات و لە مەسەلەی کۆرۆنادا بە کەرەستەی پزیشکی و تەندروستی و دەرمانی پێویست هاوکاریی عێراق دەکات.
سەرۆککۆماری ئێران لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا باسی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراقیشی کرد و ڕایگەیاند هەر دوو لایەنی بەغدا و تاران کۆکن لە سەر ئەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوانیان بگەیێننە 20 ملیار دۆلار.
ڕۆحانی ئاماژەی بە دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و گوتیشی لەو کاتەوە کازمی دەستی بەکار کردووە ئیرادەی نواندووە بۆ هاوکاری و پەرەپێدانی ئاستی بازرگانیی نێوان تاران و بەغدا و لە ئایندەشدا بە کردنەوەی هێڵی ئاسنی نێوان شەلەمچە و بەسرە ئەو هاوکارییانە فراوانتر دەکرێت ئەوەش لە سەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنەی ساڵی 1397 لە نێوان ئێران و عێراق واژۆ کراوە.
لای خۆیەوە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش تەرکیزی کردە سەر زەروورەتی پاراستنی هاوسەنگی و باڵانسی دەسەڵات لە عێراق و جەختیشی کردە سەر سەروەریی ئەو وڵاتە و ڕایگەیاند: بەغدا ڕێگە نادات خاکی عێراق ببێتە سەکۆی هیچ وڵاتێک بۆ هەڕەشە کردن لە تاران.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بە پێوەندیی مێژوویی و دێرینەی فەرهەنگی و ئابووری و سیاسیی نێوان ئێران و عێراق کرد و ڕایگەیاند بە دڵنیایییەوە پشتگیریی ئەو پێوەندییە قووڵ و مێژوویییە دەکەن.
کازمی زیادیشی کرد: عێراق هەرگیز ئەو ڕۆژانە لە بیر ناکات کە ئێران لە شەڕی دژەتیرۆردا یارمەتیی داوە بۆیە بە قەناعەتی لایەنی عێراقی بە کارکردن لەگەڵ یەکتر دەتوانین کۆتایی بە کێشە و قەیرانی ناوچەکە بە گشتی بهێنین.
Your Comment