کوردپرێس:
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاوی کردەوە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە لە كۆشكی سەلام لە بەغدا پێشوازیكرد لە محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران و شاندی هاوڕێی.
لەو دیدارەدا سەرۆك كۆمار جەختی كردەوە، لەگرنگی پەیوەندنی مێژویی قوڵ و دێرینی نێوان عێراق و كۆماری ئیسلامی ئێران و پێویستی فراوانكردنی ئاسۆی هاریكارییە دو قۆڵییەكانی هەردو وڵات لە زۆربەی بوارەكاندا، ھەروەھا پێداگری عێراقی دوپاتکردەوە تاوەکو ببێتە ئامرازی ئارامی و ناوەندێك بۆ بەیەكگەیشتنی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی گەلان و وڵاتانی ناوچەكە، بەجۆرێک ببێتەمایەی چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایشی لەناوچەکەدا.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوی کرد کە ناوچەكە پێویستی بە بونیادنانی پەیوەندی هاوسەنگ و هەماهەنگی و لێکگەیشتنی هاوبەش و تێڕوانینێكی رون و ئاشكرایە بۆ گەیشتن بە چارەسەری ریشەییە بۆ قەیران و ئاڵۆزییەكان پشت بەستن بە دیالۆگی بونیادنەرانە و راشكاوانە لە نێوان تەواوی لایەنە نێودەوڵەتییەكان.
ھەر لە دیدارەکەدا سەرۆك کۆماری عێراق جەختی كردەوە، لەوەی عێراق گرنگی دەدات بە پارێزگاریكردن لە سەروەری و ئاسایش و سەقامگیری خاکەکەی، ھاوکات هەماهەنگی دەکات لەگەڵ هاوپەیمان و دۆستەكانی لە چوارچێوەی رێزگرتنی هاوبەش و رێگرتن لە دەستخستنە نێو كاروباری ناوخۆ یەکدی، ھەروەھا ستایشی هەڵوێستی كۆماری ئیسلامی ئێرانیشی كرد بۆ ئەو پشتیوانییە بەردەوامەی لە عێراقی كردوە، بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە تیرۆر و گروپی تیرۆریستی داعش.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا سەرۆكکۆماری عێراق سڵاو ستایشی خۆی لە رێگەی وەزیری دەرەوەی ئێران نارد بۆ د. حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران و هیوایشی خواست گەلی ئێران ھەمیشە لە پێشكەوتن و خۆشگوزاری و ئارامیدا بێت.
ھەروەھا جەواد زەریف سڵاو و ستایشی حەسەن روحانی و سەرکردایەتی ئێرانی گەیاندە سەرۆک بەرھەم و ھیوای خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنییان بۆ گەلی عێراق خواستووە.
لەلای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئێران ویستی وڵاتەكەی نیشاندا بۆ فراوانكردنی ئاسۆی هاریكار و هەماهەنگییە دوقۆڵییەكان و پشتیوانی عێراقیش کرد لەگشت ئاستەكان، ھاوکات ئاماژەشیكرد بۆ گرنگی پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتانی ناوچەكە لە پێناو پشتیوانیكردن و درێژەدان بە بەگژاچونەوەی تیرۆر.
لە کۆتاییی دیدارەکەدا دواین گۆڕانكارییە سیاسییەكان لە سەر ھەردوو ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتی و چۆنیەتی بەھێزکردنی دەرفەتی ئاشتی و سەقامگیری گفتوگۆی لەبارەوەكرا.
Your Comment