بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تیمەکانی فریاگوزاریی دەریاوانی لە دەریاچەی وان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی ئەو کۆچبەرانەی لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان لە 27ی حوزەیرانی رابردوودا لە ئاوی دەریاچەکەدا خنکان.
رۆژی شەممە 18ی تەمموزی 2020 لای نیوەڕۆ تەرمی سێ کۆچبەری دیکەیان لە دەریاچەی وان دەرهێنا. هەر ئێوارەی هەمان رۆژ شەش تەرمی دیکەش دۆزرانەوە، بەمەش ژمارەی ئەو تەرمانەی تاوەکوو ئێستا دۆزراونەتەوە گەیشتە 54 تەرم.
هێشتا ناسنامەی کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراون کە بە رێگەی نایاسایی سنووریان بەزاندووە و دوای گەیشتنە پارێزگای وانی کوردستانی تورکیا هەوڵیان داوە بە قاچاخ لە دەریاچەی وانەوە خۆیان بگەیێننە ناوچەکانی دیکەی تورکیا.
لە چەند رۆژی رابردوودا لە قووڵایی 106.5 مەتر بەلەمە ژێرئاوکەوتووەکە لە دەریاچەی وان دۆزرایەوە. پەیوەست بەو رووداوە تاوەکوو ئێستا پێنج کەس خراونەتە زیندانەوە، دوو کەس دەستبەسەر کراون، سێ کەس بە مەرج و چوار کەسی دیکەش دوای وەرگرتنی گوتەکانیان ئازاد کراون.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment