وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەیشتە هەولێر

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ژان ئیڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بە فڕۆکەیێکی تایبەت گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێکرا.

کوردپرێس:

چاوەڕوان دەکرێت سبەی هەینی، لۆدریان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا بکەن.

پێشتر ژان ئیڤ لۆدریان چوار جار وەکو وەزیری بەرگری سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەمەش دووەم جاریەتی وەکو وەزیری دەرەوە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات.

سەردانی ئەو وەزیرەی فەرەنسا بۆ هەولێر دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا. لۆدریان گوتی "ئامانج لەم سەردانەمان هاوكاریكردنی حكومەتی عێراقە لە رووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان كە لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمی رووبەڕووی بوونەتەوە، ئەوە جگە لە هاوكاریكردنی هێزە ئەمنییەكان لە شەڕی دژی داعش، هەروەها سەروەریی عێراقیش سازشی لەسەر ناكرێت، چونكە رێزگرتن لە سەروەریی عێراق بەواتای رێزگرتنە لە داواکاری خەڵك و نوێکردنەوە و بەرەوپێشبردنی ئەو پرۆژە دیموکراتییەیە کە هەیە. سەروەریی عێراق سەروەری دەوڵەتە و دەسەڵاتی دەوڵەتیش گرنگە".

سەردانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لەکاتێکدایە، هێشتا هەڕەشەی داعش کۆتایی نەهاتووە و یەک مانگیشە تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆسەر چەند ناوچەیەکی باشووری کوردستان بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە دەستپێکردووە.

د. فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، فەرەنسا هەمیشە پاڵپشتیی عێراق بووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاستەنگەکان. "پێکەوە کۆمەڵێک پرسمان تاوتوێکرد، لەوانە پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان فەرەنسا و عێراق و رۆڵی کۆمپانیا فەرەنسییەکان و کاری ئەو کۆمپانیایانە لە عێراق و پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکانمان".

News Code 189369

Your Comment

You are replying to: .
captcha