کەسانی ژێر تەمەن هەژدە ساڵ بە هیچ شێوەیێک تەڤڵی هێزە سەربازییەکان ناکەین/ حکوومەتی تورکیا دەستی کردووە بە "تیرۆریزمی ئاوی"

بەشی سووریا- لێپرسراوی راگەیاندن ‌و پەیوەندییەكانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لەناوچەی فۆرات؛ ڕایگەیاند: پارتی یەکێتیی دیموکراتیک حزبێکی سیاسییە و حزبێکی سەربازیی نیە و کەسانێکیش کە تەمەنیان نەگیشتۆتە 18 ساڵ وەکوو ئەندام لە حزبەکەماندا قبووڵ ناکەین چە بگات بەوەی لەگەڵ ئامادەبوونیان لە حزبە چەکداریەکاندا بین.

«بەکر حاجی عیسا» لێپرسراوی راگەیاندن ‌و پەیوەندییەكانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (PYD) لەناوچەی فۆرات لە وەڵامی پرسیارێکی کوردپرێسدا کە لایەنەکانی دیکە لەوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی (ENKS)؛ پەیەدە بەوە تۆمەتبار دەکەن کە کچ و کوڕی ژێر تەمەن هەژدە ساڵ ناچار دەکەن تەڤڵی یەکینەکانی پاراستنی گەل و هێزەکانی سووریای دیموکرات بن، وتی: ئەم وتانە لە کاتێکدا کە ڕەوتە کوردییەکان خەریکی دانووستانی یەکگرتنن دروست نییە، دۆژمنانی میللەتی کورد دەیانهەوێت بەم قسانەوە یەکێتیی کورد تێک بدەن.

ناوبراو درێژەی دا: پارتی یەکێتیی دیموکراتیک حزبێکی سیاسیە و حزبی سەربازی نییە و کەسانی ژێر تەمەن هەژدە ساڵیش بە ئەندامێتی قبووڵ ناکات.

ناوبراو زیادی کرد: شەڕی ڕەوانی دژ بە پەیەدە دەستی پێکردووە و لەم شەڕەدا دەڵێن هێزەکانی ئاسایش و یەپەگە بەشێکن لە پەیەدە لەحاڵێکدا ئەمە دوورە لە ڕاستیەوە و پارتی یەکێتیی دیموکراتیک تەنها حزبێکی سیاسیە و حزبە چەکدارییەکان بەشێکن لە کوردستانی سووریا و هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا پێکیان هێناوە.

بەکر حاجی عیسا ڕاشیگەیاند: ئەم چەشنە وتانە تەنها بۆ درۆبەستن بە بڕێوەبەرایەتی خۆسەروە دەوترێن. پەیەدە تەنها ڕەوتێکی سیاسی بەشدار لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە. لە بەرڕێوەبەرایەتیی خۆسەردا ناوەندی جیاواز وەکوو تەندروستی، فەرهەنگی، سیاسی و سەربازی هەیە و کەسانێک تەمەنیان کەمتر بێت لە هەژدە ساڵ، ڕانەکێشراون.

لێپرسراوی راگەیاندن ‌و پەیوەندییەكانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک لە ناوچەی فورات لەبارەی هەڵمەتەکانی حزبەکەی لە کوردستانی سووریا وتی: پەیەدە وەکوو ڕەوتێکی سیاسی هەڵمەتی زۆری لە کوردستانی سووریا نواندووە و هەوڵی داوە پاش ڕووخانی شارەکان و قوتابخانەکان و زانستگاکان، ئاوەدانیان بکاتەوە و منداڵان و خوێندکاران پڕۆسەی خوێندنیان درێژەی پێبدەن.

بەکر حاجی عیسا دەشڵێت: پەیەدە هەوڵی داوە ناوندی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی لە کوردستانی سووریا دابمەزرێنێت و دژی ئەوەیە کە منداڵان لە هێزە سەربازییەکاندا بەکار بهێندرێن و ئەو وتانەش تەنها دژایەتی کردنی پەیەدە-یە.

ناوبراو زیادیشی کرد: ئێمە لە ئەورووپا نین و لە گەرمەی شەڕداین و بمانەوێت و نەمانەوێت منداڵەکانمان لەژێر کارتێکەریی شەڕدان و بەڵام ئێمە بە هیچ شێوەیێک منداڵەکانمان ڕانەکێشاوە.

لێپرسراوی راگەیاندن ‌و پەیوەندییەكانی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک لە ناوچەی فورات لەبارەی بڕینی ئاوی ناوچەی حەسەکە، لەلایەن تورکیاوە وتی: ئاو وبا و وزە سروشتییەکانی دیکە نابێت لەلایەن هیچ دەوڵەتێکەوە ببڕدرێن و میللەتانی دیکەیان لێبێبەش بکەن.

ناوبراو درێژەی دا: حکوومەتی تورکیا دەستی کردووە بە تیرۆریزمی ئاو-ی، تورکیا بە پچڕانی ئاو دەیهەوێت گوشار بخاتە سەر کورد و خەڵکی عێراق و سووریا و ئامانجیشی تەنها پاوانخوازییە.

بەکر حاجی عیسا زیاتر وتی: دەوڵەتی تورکیا بە بڕینی ئاوی فورات و «علوک» بەدوای گوشاری سیاسیەوەیە و گیانی یەک ملیۆن مرۆڤی لە حەسەکە خستۆتە مەترسیەوە.

ناوبراو ئاشکرای کرد: دەوڵەتی تورکیا شکستی هێناوە و ئەڕۆکەیش لە سووریا و لیبیا و حەفتانین زەبری زۆری بەرکەوتووە و ئەڵمانیا و فەڕەنسایش دژی هەڵمەتەکانی تورکیا دەنگیان هەڵبڕیوە.

بەکر حاجی عیسا وتیشی: دەستدرێژیی تورکیا لە کوردستانی سووریا شەرعیەتی نەبوو و هەموو کەسێک دژی وەستانەوە و ئەمڕۆکەیش وڵاتانی عەرەبی دژی دەستوەردانی تورکیان لە لیبیا.

ناوبراو جەختی کردەوە: حکوومەتی تورکیا لە قەیرانێکی گەورەدایە و لە بوارەکانی سیاسی و ئابوورییەوە تووشی گێچەڵێکی گەورە بووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189316

Your Comment

You are replying to: .
captcha