بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمال ئێمینکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لێدوانی سوپاسالاری عێراق لە کەرکووک زۆر باش و ئەرێنییە، ئەمەش دوای ئەوە ھات کە ھەفتەی ڕابردوو شاندی ئێمە لەگەڵ لیژنەی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق لە فەرماندەیی ھێزەکانی ھاوبەش ئەنجام درا، بۆیە گفتوگۆی نێوانمان بەردەوام دەبێت تاوەکوو دەگەینە رێککەوتن".
ئێمینکی روونیشی کردەوە: "لەسەر خاڵی ھەبوونی ھەماھەنگی کۆکین، بەڵام بۆ ھێزی ھاوبەش و بازگەی ھاوبەش و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش، تا ئێستا گفتوگۆ بەردەوامە".
ناوبراو گوتیشی: "ئەمە یەکەم کۆبوونەوە بوو ئەنجام درا و سەرۆکی لیژنەی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق گۆڕابوو، چوونکە لەم ساڵدا یەکەم کۆبوونەوەیە بکرێت و لە یەکەم کۆبوونەوەشدا رێککەوتنی کۆتایی زەحمەتە و پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر ھەیە، بەڵام کۆبوونەوەیێکی ئەرێنی بوو و لە زۆر خاڵ لێک نزیک بووین، بڕیاریشە شاندێکی ئەوانیش سەردانی ھەرێم بکات و ھەر جارە و شاندی لایەنێک سەردانی لایەنەکەی دیکە دەکات".
سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە باسی لەوەش کرد: "ئەو کۆبوونەوەیەی کرا زۆر باش بوو بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکان بەردەوام بن و حکوومەتیش خۆی بەردەوام سەردانی بەغدا دەکات و ئێمەش بەردەوام دەبین تا خاڵی کۆتایی".
ئیمینکی دەشڵێت: "بۆ گەرانەوەی ھێزی پێشمەرگە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە خاڵی کۆتایی و گفتوگۆ بەردەوامە و ئێمە دەمانەوێت بنکەی ناوەندی ھاوبەش دابنرێت و ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بکرێت و بازگەی ھاوبەش ھەبێت، لەگەڵ چەند خاڵێکی دیکەش، بۆیە گفتوگۆ بەردەوام دەبێت تا دەگەینە رێککەوتن".
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment