کوردپرێس:
ڕۆژی دووشەمە 16ی پووشپەڕی 1399ی هەتاوی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە نووسراوێکدا وەڵامی نامەی ئیسماعیل هەنیە سکرتێری مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی دایەوە و نووسیی: بە خوێندنەوەی نامەکەی بەڕێزت گەشامەوە کە بینیم بەرخۆدانی گەنجان و خەباتگێڕانی فەڵەستین دژی داگیرکاری و ڕژیمی داگیرکەر بەردەوامە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی لە نامەکەیدا نووسیویەتی: دوژمنانی فەڵەستین واتا ئەمریکا و ڕژیمی زایۆنی لە هیچ ستەم و داگیرکارییێک خۆیان نەبواردووە و تاوێک بە شەڕ و تاوێک بە فریوی ئاشتی و سازان هاتوونەتە مەیدان بەڵام نەگەشتوونەتە ئەنجام و من دڵنیام ئەگەر ئەم بەرخۆدانەی گەلی فەڵەستین بەردەوام بێت لە ئەنجامدا پشت بە یارمەتییەکانی خود گەلی فەڵەستین سەردەکەون.
ڕێبەری باڵای ئێران هەر لە نامەکەیدا جەختیشی کردۆتەوە گەلی ئێران بە حوکمی ئەرکی ئاینی و ئینسانیی خۆی وەک پێشوو بەردەوام دەبێت لە یارمەتیدانی هاووڵاتییانی ستەملێکراوی فەڵەستین بۆ دەربازبوون لە ژێر ستەمی ڕژێمی ساختە و داگیرکەری زایۆنی.
Your Comment