بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بورهانەدین ئیسحاق ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت لەگەڵ ئەوەشدا کە ئانکەرە دەڵێت کردە لەشکرییەکانی بە مەبەستی لێدانی پارتی کرێکارانی کوردستانە، بەڵام دەیان کەسی سیڤیل کوژراون و بریندارن لە ناو هەرێمدا و بە سەدان خێزانیش بۆ پاراستنی ژیانیان، زێدی خۆیان جێهێشتووە و ئاوارەبوون.
ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەروەها دەڵێت "بۆردوومانەکانی تورکیا دەیانکات و لەشکرکێشی و پێشێلکارییەکانی بەرامبەر خاکی عێراق، پێچەوانەی هەموو بەهاکانی دراوسێیەتی و پەیماننامە نێونەتەوەییەکانە کە عێراق بە تورکیا و بە هەموو جیهانەوە دەبەستێتەوە."
بورهانەدین ئیسحاق زیادی کرد، ئەگەر لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەم کێشەیە لەگەڵ تورکیادا چارەسەر نەکرا و ئانکەرە درێژەی دا بەو لەشکرکێشی و پێشێلکاریـیانە ئەوا عێراق بە ئاڕاستەی جیهانی عەرەبی و لایەنی تریشدا دەڕوات بۆ کۆتایی هێنان بە پێشێل کردنی سەروەری وڵاتەکە.
ئیسحاق دەڵێت "پەیوەندییێکی باش بە ئەمریکامانەوە دەبەستێتەوە، هەروەها بوونی هێزەکانی هاوپەیمانانی نێونەتەوەییش لە عێراقدا کاریگەری خۆیانیان هەیە، هەرچەندە تورکیا ئەندامی ناتۆیە بەڵام ئەگەر بەردەوام بێت لەسەر لەم جۆرە سیاسەتانە، ئەوا نە ئەمریکا و نە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش بەو دەستدرێژیانەی تورکیا قایل نابن."
سەبارەت بە هاوکاری نێوان حکوومەتی نێوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لەسەر ئەم دۆسێیە، ڕاوێژکاری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت "هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی کورد، کۆمەک و یارمەتی ئەو تورکانەیان داوە کە هاتوونەتە ناو خاکی وڵاتەکەوە و هەندێک لە لایەنەکانی تریش دژی ئەو پێشێلکارییەن. هەر بۆیە حکوومەتی عێراق لە وتووێژدایە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا تا ئەم جۆرە ئاڵۆزیانە تێبپەڕێندرێن، لە کاتێکدا عێراق بە یەک چاو سەیری هەموو پێشێلکارییەکان دەکات."
لە لێدوانێکدا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر ئەو لەشکرکێشیانەی تورکیا دەڵێت: "دەرک بە نیگەرانیـیە ڕەواکانی تورکیا دەکەین لەوەی کە پەکەکە هەڕەشە و مەترسییە بۆسەر ئانکەرە و دەخوازین تورکیا بەردەوامبێت لە هاریکاری هاوبەش لەگەڵ عێراق بە ڕێگەیێک پشتیوانی لە سەروەری عێراق بکات.
بورهانەدین ئیسحاق ئاماژە بەوە دەکات، پێشێلکاری سەروەری وڵاتێک جیاوازە لە هەماهەنگی کردن و دەڵێت لەوبڕوایەدا نییە حکوومەتی نێوەندی لە بەغدا هەرگیز قایل بێت بەوەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر بێنە ناو خاکی وڵاتەکەوە و جەختیش دەکاتەوە وەک دەڵێت "حکوومەتی عێراق نایەوێت هێزەکانی تورکیا یان هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، پۆلیسی عێراقی لە بنکە سنورییەکان دەربکەن و هێزی خۆیانیان تیادا دابنێن یان دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن بەسەر ناوچەکاندا."
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment