کوردپرێس:
فابریس باڵانشە چاودێرێکی کاروباری سووریایە و لە یادداشتێکیدا لەبارەی ئەو مەترسییانەی هەڕەشە لە کیانی ئیدارەی خۆسەری کوردی لە باکووری سووریا دەکەن، هۆشداریی جیدیی داوە.
ئەو مامۆستایەی زانکۆی لیۆنی فەڕەنسا لە یادداشتەکەی خۆی کە لە ماڵەڕی پەیمانگای واشەنتن بڵاو کراوەتەوە هۆشداریی ئەوەی داوە کە پڕۆژەکەی ئەم دوایییە بۆ یەکخستنی کوردەکانی سووریا بە نێوەندگیریی ئەمریکا لە ئارادایە بەڵام ئەمە بە تەنها ناتوانێت ئیدارەی خۆسەر لە مەترسیی ڕووخان دەرباز بکات. بۆیە ئەگەر پشتگیریی دارایی و سەربازیی ئەمریکا نەمێنێت مەترسیی ڕووخان لە سەر ئیدارەی خۆسەر بە شێوەی جیدی لە ئارادا دەبێت.
مامۆستاکەی زانکۆی لیۆنی فەڕەنسا لەو قەناعەتەدایە کە ڕووسیاش وەک ئەمریکایەو دۆستی کورد نیە بەڵکوو مۆسکۆ کار بەو ئاراستەیە دەکات کە کیانی ئیدارەی خۆسەر بڕووخێنێت و هێزەکانی کورد و عەرەبی سوپای سووریای دیموکرات تێکەڵ بە هێزەکانی سوپای سووریا بکرێت.
باڵانشە بڕوای وایە مۆسکۆ و تورکیا هیوایان بەوە بەستووە کە ترەمپ لە خولی داهاتووشدا ببێتەوە بە سەرۆککۆماری ئەمریکا و هێزە ئەمریکییەکان لە سووریا و ناوچەی ژێردەسەڵاتی کورد بکشێنەوە و زەمینە فەراهەم بکات بۆ ڕووخاندنی ئیدارەی خۆسەری کوردی لە باکووری سووریا.
ئەو توێژەرەی کاروباری سووریا و کوردەکان هۆشداریی ئەوەشی داوە کە تورکیا بە هەموو توانایەوە کار بۆ لاوازکردنی کورد دەکات و لەم پێناوەشدا هەوڵ دەدات ڕەزامەندیی ڕووسیا وەربگرێت بۆ ئەوەی هێرشێکی دیکە بکاتە سەر ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا.
باڵانشە هەندێک گرفتی دیکەی کوردەکانیشی باس کردووە کە گرینگترینیان بریتین لەم سێ خاڵە: کێشەی دارایی قەیرانی ئابووریی ئیدارەی خۆسەر، بەکارهێنانی ئاو وەک چەکێک دژی کورد لە لایەن تورکیاوە و سێهەمیش جووڵە و چالاکیی ئەم دوایییەی تیرۆریستانی داعش دژی کوردەکانی سووریا.
ئەو چاودێرە سیاسی و سەربازییە بڕواشی وایە کە کوردەکانی سووریا تەنها لە یەک حاڵەتدا کورد ڕزگار دەبێت. ئەو حاڵەتەش ئەوەیە کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی دژی ستراتێژییەکەی ڕووسیا و تورکیا نەخشەڕێگایێک بخەنە بەردەست و پلانێک جێبەجێ بکەن و هێز بنێرنە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردەکانی سووریا.
Your Comment