توێژەری کاروباری سووریا- تورکیا جارێکی تر هێرش دەکاتەوە سەر کوردەکانی سووریا

بەشی جیهان- دوکتور فابریس گالانشە لەو قەناعەتەدایە کە تورکیا بیر لەوە دەکاتەوە قەحتانیە لە قامشلۆ جیا بکاتەوە و دەست بە سەر نەوتی ئەو ناوچەیەدا بگرێت و بەو مەبەستەش ئوپەراسیۆنێکی دیکە دژی کوردەکانی سووریا ئەنجام دەدات.

کوردپرێس:

فابریس باڵانشە توێژەری کاروباری سووریا لە زانکۆی لیۆنی فەڕەنسا هۆشداریی ئەوە دەدات کە تورکیا بۆ جاری سێهەم لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا نیازیەتی ئوپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازی دژی کوردەکانی سووریا ئەنجام بدات.

ئەو توێژەرە بە ئەلمۆنیتۆری وتووە: من لەو قەناعەتەدام ئوپەراسیۆنێکی دیکەی تورکیا لە قەحتانیە و نزیک سنووری قامشلۆ دژی کوردەکانی سووریا ئەنجام دەدرێت.

بەو پێیەش تورکیا نیازیەتی لە ماوەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری ئەمریکا تا ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی سەرۆککۆماری نوێی ئەو وڵاتە (نۆڤەمبێری 2020 تا جانیڤێریی 2021) ئوپەراسیۆنێکی سەربازیی دیکە دژی کوردەکانی سووریا ئەنجام بدات. بۆیە تورکیا هەوڵ دەدات قامشلۆ لە سنووری عێراق داببڕێت.

بالانشە بڕوای وایە هێزە ئەمریکییەکان زەمینەیان بۆ هێرشە پێشووەکەی تورکیا بۆ سەر کوردی سووریا ڕەخساند و ئێستاش دیار نیە تا چ ماوەیێکی دیکە لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی کوردی سووریا دەمێننەوە.

لەم دوایییەشدا ژمارەیێک لە فەرماندە باڵاکانی سوپای ئەمریکا ڕایانگەیاندووە بڕیارەکەی ئیدارەی ترەمپ بۆ کشانەوەی یەکجاری لە سووریا بڕیارێکی سیاسییە و ئامادەن بە تەواوی جێبەجێی بکەن.

تورکیا ساڵی 2018 کانتۆنی عەفرینی لە ژێردەسەڵاتی سووریا دەرهێنا و ساڵی 2019ش دو ناوچەی گرێسپی و سەرێکانیی لە ئوپەراسیۆنی دووهەمی خۆیدا داگیر کرد.

News Code 189199

Your Comment

You are replying to: .
captcha