کوردپرێس:
دیجیتاڵ میدیای زەمەن لە هەواڵێکدا نووسیویەتی ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 30ی حوزەیرانی 2020، لە سنووری قەزای زاخۆ، دوو فڕۆکەی چاودێریی تورکیا کەوتە خوارەوە.
زێرەڤان مووسا، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکارێ، سەر بە قەزای زاخۆ له لێدوانێكی رۆژنامهوانیدا رایگهیاند، "ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، فڕۆکەیێکی تورکیا، لە سنووری قەزای زاخۆ، کەوتە خوارەوە، لە ئەنجامدا ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و زەوییەکی زۆری سنوورەکە سووتا".
ئاماژەی بەوهش كرد، فڕۆکەکە، فڕۆکەیێکی چاودێریی بووە و لە سنووری گوندی ( دێرێ) لە ناحیەی دەرکارێ کەوتۆتە خوارەوە و تاوەکوو ئێستا هۆکاری کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە نەزانراوە، بەڵام بەو هۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتۆتەوە و باخ و بێستانێکی زۆر زیانی بەرکەوتووە.
وتیشی، "فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، لە چەند ڕۆژی رابردووەوە تاوەکو ئێستا، بە بەردەوامی سنووری ناحیەکە بۆردومان دەکەن، ئەوەش ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لەلای دانیشتووانی دەڤەرەکە دروست کردووە".
هاوكات، دلشیر عهبدولستار، بەڕێوهبهری ناحیهی باتیفا، ئهمڕۆ رایگهیاند، بههۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکهیێکی بێفڕۆکهوانهوه له گوندی کهرپت عهلی، نزیکهی 80 دۆنم پووش و پەڵاشی گوندهکه سووتاوە و بههۆی بۆردوومانهوه خهڵک له گوندهکهدا نهماون.
Your Comment