کوردپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشداریی کردووە لە کۆنگرەی چوارەمی برۆکسل کە تایبەتە بە پشتیوانی لە داهاتووی سووریا و رایگەیاندووە، عێراق لەگەڵ ئەوەدایە پارێزگاری لە یەکێتیی خاکی سووریا بکرێت و کێشەکانی ئەو وڵاتەش لە رێگەی گفتوگۆی سیاسییەوە چارەسەر بکرێن.
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، بەغدا دەخوازێت سەرجەم کێشەکانی سووریا لە رێگەی گفتوگۆی سیاسییەوە چارەسەربکرێن و وڵاتانیش بەبێ جیاوازیکردن لە نێوان داعش و رێکخراوە توندڕەوکانی دیکەدا لە بەرەنگاربونەوەیان بەردەوام بن، دەشڵێت، لە ئێستادا عێراق پێشوازی لە 260 هەزار ئاوارەی سووری کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، "پێویستە هەموان بەرەنگاری رێکخراوە تیرۆرستییەکان ببنەوە و جیاوازی لە نێوان و رێکخراوی داعش و رێکخراوێکی دیکەی توندڕەودا نەکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر حکوومەتی سووریا کاریگەرییان لەسەر ژیانی خەڵک، دۆخی تەندروستی و ئابووری گەلی سووریا داناوە".
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەش کردوە، بەردەوامیی دۆخی ئێستای سووریا مەترسی لەسەر ئاسایشی عێراق دروست دەکات و دەبێتە دەرفەتێک بۆ "پەڕینەوەی هەزاران تیرۆرست و شەڕکەری بیانی بۆ ناو خاکی عێراق".
Your Comment