هەنگاوەکانی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان بە خاوی دەچێتە پێشەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دوای کۆبوونه‌وه‌ی پارتی و گۆڕان له‌ هه‌ولێر ده‌رباز محه‌مه‌د، ئه‌ندامی شاندی باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان رایگه‌یاند: چاکسازی ده‌بێت بکرێت و هه‌نگاوه‌کان به‌ خاوخلیچکی ده‌ڕۆنه‌ پێش.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وه‌فدی گۆڕان و پارتی له‌ هه‌ولێر کۆبوونه‌وه‌ و دوای کۆبوونه‌وه‌که‌ش ده‌رباز محه‌مه‌د، ئه‌ندامی شاندی باڵای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان باسی له‌وه‌کرد: "چاکسازی ده‌بێت بکرێت و هه‌نگاوه‌کان به‌ خاوخلیچکی ده‌ڕۆنه‌ پێش و ناکۆکی نێوان پارتی و یه‌کێتی کاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه‌ هه‌بووه، ئێمه‌ پشتیوانی له‌ حکوومه‌ت ده‌که‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی یاسای چاکسازی جێبه‌جێ بکات. له‌گه‌ڵ پارتی دیموکراتی کوردستان له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ گفتوگۆمان کرد".

ناوبراو ئاشکراشی کرد: حکوومه‌ت ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ و متمانه‌ی له‌ په‌رله‌مان وه‌رگرتووه‌. یه‌کێتی و پارتی ناکۆکییان هه‌یه‌ و به‌شێکی چاکسازی ده‌که‌وێته‌ لای یه‌کێتی و پارتی و ئه‌وان ده‌بێت وه‌ڵام بده‌نه‌وه‌ بۆچی دواکه‌وتووه‌. پێنج لایه‌نه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ که‌سیان دژی حکوومه‌ت نین و پێویسته‌ ئه‌و دابڕانه‌ی له‌ نێوان یه‌کێتی و پارتی له‌ ناو حکوومه‌ت درووست بووه‌، چاک بکرێته‌وه‌ و هه‌وڵی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌ کۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی و سێ قۆڵی بکرێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان.

هاوکات مه‌حمود محه‌مه‌د وته‌بێژی پارتی دیموکراتی کوردستان وتی: ره‌وشه‌که‌ ره‌نگه‌ پێویستی به‌ رێکخستنه‌وه‌ی ریزی ناوخۆیی خۆمان هه‌بێت. ئێمه‌ش هه‌وڵێکی جدی بۆ ئه‌و پرسه‌ ده‌ده‌ین.

مه‌حمود محه‌مه‌د ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: یاسای چاکسازی له‌ واده‌ی خۆیدا ده‌بێت بچێته‌ بواری جێبه‌جێ کردنه‌وه‌ و با یاساکه‌ جێبه‌جێ بکرێت، ئه‌و کاته‌ ده‌رده‌که‌وێت کێ پشتیوان و کێ دژی چاکسازییه‌. ئێستا ئێمه‌ و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دووپاتمان کردووه‌ته‌وه‌، که‌ پشتیوانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ده‌که‌ین.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 189183

Your Comment

You are replying to: .
captcha