کوردپرێس:
سولەیمان ئەلیاس سەرۆکی سەنتەری توێژینەوەی ستراتێژیکی فورات لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس لەبارەی دڵنەوایی کردنەکەی ژەنراڵ مەزڵووم کۆبانێ لە بنەماڵەی قوربانییانی ناڕەزاییەکانی ساڵی 2013 لە شاری عامودا کە بە دەستی هێزەکانی پاراستنی گەل کوژران گوتی: دەشتپێشخەرییەکەی دەمراڵ کۆبانێ کارێکی مێژوویی بوو و یەکخستنی نێوماڵی کوردی دەستەبەر کرد و ئەم لێک نزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکان نیشانەیێکی ئیجابییە.
ناوبراو درێژەی پێدا: ئەو ڕووداوەی 2013 ڕووی دا و بوو بە هۆی کوژرانی چەند کەسێک لە هاووڵاتییان بە دەستی یەپەگە، ڕووداوێکی دڵتەزێن بوو و ئەو ڕووداوە لە کاتێکدا ڕووی دا کە فیتنە و ئاژاوەیێکی گەورە لە لایەن ئوپۆزسیۆنی سوورییەوە بەرەو ڕووی کوردستانی سووریا بووبووەوە و بەم شێوەی ئەمڕۆکە ئیدارەی خۆسەری باکووری و خۆرهەڵاتی سووریا دانەمەزرابوو.
ناوبراو زیادی کرد: دانیشتنی ژنەراڵ مەزڵووم و فەرماندەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییەکان، دەستپێشخەرییێکی گونجاو و جێی ستایش بوو بۆ دڵنەوایی کردن لە بنەماڵەی قوربانیان و هاوکات لە یەکخستنی هاووڵاتییانی کوردستانی سووریا دەوری ئیجابیی بینی.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: کۆمەڵێک کێشە ڕووبەڕووی کوردەکانی سووریا بۆتەوە و پێویستە ئێمە ئەم کێشانە چارەسەر بکەین و هەڵمەتەکانی ئەم دوایییەش دڵخۆشکەر بوون. ئەگەر چی خەڵکانێک هەن کە بە دڵی تورکیا دەکەن و لەگەڵ ئەو وڵاتە دژی یەکگرتنی کوردن و دژایەتیی دانوستانەکان دەکەن بەڵام هاووڵاتییانی کوردی سووریا لەم بابەتە ڕازین.
Your Comment