کوردپرێس: ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیێکی ڕۆژی شەممە 21ی جوونی 2020، بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی کە لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوە چوو بڕیاری کەم کردنەوەی 21 لەسەدیی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد. ئەم بڕیارەش کاردانەوەیێکی توندی لەلایەن مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە بەدواوە بوو. حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن واتا کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ کاردانەوەیێکی توندیان هەمبەر ئەو بڕیارە نیشان دا و ڕەتیان کردەوە. کاردانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەم بڕیارە جیاواز بوو و بڕیاری جیاواز لەلایەن ئەندامان و ڕێکخراوەکانی ئەم دوو حیزبە لەبارەی ئەم بابەتەوە درا.
ڕێبوار حەمەد وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان لەباەری ئەم بڕیارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەم کردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وت: ئێمە ئەم بڕیارە بە ستەمێکی گەورەی دەزانین بە حەقی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بەداخەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لە بابەتی چاکسازی جورئەت ناکات دەست بۆ مەلەفەکانی گەندەڵی بەرێت و ناتوانێت مووچەی بندیوارەکان ببڕێت و ناتوانێت ئەوانەی دوو مووچە و سێ مووچەیان هەیە بیبڕێت.
حەمەد جەختی کردەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نایەوێت چاکسازیی ڕیشەیی بکات و سەرچاوەکانی داهات کە بەشێوەیێکی نامەشرووع دەزگا حزبییەکان لێی سوودمەند دەبن کۆتایی پێبێنێت بەڵام دەست بۆ مووچەی فەرمانبەران دەبات کە ئەمە ستەمێکی گەورەیە. کەم کردنی و مووچە و پێنەدانی مووچە هەردوویان ستەمێکی گەورەن. ئێستا 6 مانگ لە ساڵی 2020 تێپەڕیوە و هێشتا دوو مووچە دراوە.
ناوبراو زیادی کرد: حککومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی پێشوودا سیستەمی بایۆمەترییان کارا کرد و هەموو فەرمانبەران کۆدی بایۆمەترییان وەرگرت بۆیە ئەوان ئەوانەی بندیوارن و گەندەڵین هەموویان بۆ ڕوونە. ئەمانە ئەو عەناسێرانەن کە حیزب دایناون و بندیوارەکان و دوو مووچەکان لەشکرێک لە مووچەی نامەشرووعیان هەیە و ئەوەش "گەندەڵییە گەورەکەیە" کە لە داهاتی هەرێمی کوردستاندایە؛ نایانەوێت دەست بۆ هەموو ئەمانە بەرن و دێن لە حەقی فەرمانبەران کە مووچەی مەشرووعی خۆیانە و ئەمە سیستەمێکی سەرتاسەرییە و لە هەموو عێراق بەرقەرارە.
وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەم کردنەوەی مووچە نایاساییە لەبەر ئەوەی تەنها پەرلەمان دەبێت ئەو بڕیارانە بدات.
ڕێبوار حەمەد وێڕای ئەوەی کە بڕیارەکەی کابینەی نۆیەمی بە نامەشرووع وەسف کرد وتی: ئێمە وەکوو کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان زوو پێش بینیی ئەوامان کرد کە ئەو کاتەی ئەوان یاسای چاکسازییان بردە پەڕلەمان، ئەو کات وتمان ئەمان نایانەوێت چاکسازی بکەن و ئەیانەوێت مووچەی فەرمابەران دەستکاری بکەن و ئەیانەوێت حەقی مەشرووعی فەرمانبەران زەوت بکەن بە ناوی چاکسازییەوە.
ناوبراو لە درێژەدا جەختی کردەوە: دەسەڵاتدارانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆیان سەرچاوەی گەندەڵییەکانن و وەکوو باسم کرد لەشکرێک لە بندیوار و لە مووچەخۆری نامەشرووعیان تەعین کردووە و مووچەیان پێدەدەن بە حەقی ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکاندا بۆ ساختەکاری بەکاریان ئەهێنن و پایەکانی حوکمڕانی ئەوان لەسەر ئەم لەشکرە نامەشرووعە وەستاوە.
ڕێبوار حەمەد لەبارەی هەڵویست و بەیاننامە دژبەیەکەکانی سەرکردە و کەسایەتییەکانی یەکێتی و گۆڕان وەکوو دوو لایەن کە خۆیان لە دەسەڵاتدا بەشدارن لەبارەی بڕیاری کەم کردنی مووچەی فەرمانبەران و هۆکاری ئەم جیاوازییە وتی: ئەو پرسیارە ئەبێت لەو لایەنانە خۆیان بکرێت، ئێمە باوڕمان وایە ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان وشیار و بەئاگایە و ئەم مەوزووعە و بڕیارە لە لایەن کابینەکەی مەسروور بارزانییەوە گیردراوە و دیارە بەشداربووەکانی کێن و ئەوانەی کە بڕیاریان داوە ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی بڕیاری فەرمییان لێدەکات. من بڕواشم وایە هەر هێزێکی سیاسی بەشدار بێت لە دەست بردن بۆ مووچە و بڕینی مووچەی فەرمانبەران جۆرێک لە خۆکوشتنی سیاسیی کردووە، بە تایبەتی ئەو حزبانە کە شیعار و دروشمەکانیان دروشمی خزمەت کردنی خەڵکە.
ناوبراو تەئکیدیشی کردەوە: ئێمە وەکوو کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان کە لە کابینەی پێشوودا بەشدار بووین، کاتێک کە بڕیاری پاشەکەوتی مووچە درا بە بەیاننامەی فەرمی کۆمەڵی ئیسلامی ڕەتمان کردەوە و لەگەڵی نەبووین. تیمی وەزاریشمان لە ئەنجومەنی وەزیران ڕوونکردنەوەی دا کە ئێمە لەگەڵ پاشەکەوتی مووچە نین. ئەو هەوڵەیشمان بۆ ئەوەی بوو کە ڕای گشتی بزانێت کە کۆمەڵ کاتێک لە حکوومەتیشدا بووە تەئیدی پاشەکەوتی مووچەی نەکردووە. ئێستاش ئێمە لە دەرەوەی حکوومەتین و هەڵویستی ئێمە مەعلوومە؛ من پێم وایە ئەو لایەنانەش کە ئێستا لە حکوومەتن ئەبێت هەڵویستی خۆیان بە وازێحی بە خەڵک ڕابگەیێنن.
ڕێبوار حەمەد لەبارەی کاریگەری و پاشهاتەکانی بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێم بۆ کەم کردنەوەی مووچەی فەرمانبەران وتی: ئەم بڕیارە لێکەوتەی گەورەی هەیە بۆ هاووڵاتی و کارمەندان لە هەرێمی کوردستان و گەورەترینیشی ئەوەیە کە خەڵک لە هەرێمی کوردستان هیچ متمانەیێکیان بە حکوومەت و پارتە بەشداربووەکان لە حکوومەت نامێنێت. کاتێکیش گرفتی بێ متمانەیی لە نێو خەڵک و دەسەڵات دروست بوو سەرەتای لێکترازانی گەورە و دەرئەنجامی خاربە.
دیمانە: حەسەن ساڵحی- بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئاژانسی کوردپرێس
داگرتن و داڕشتنەوە: بەشی کوردیی ئاژانسی هەواڵی کوردپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment