کوردپرێس:
سەرۆکی لیژنەی ناوەندیی پارتیا کەدکارێن کوردستانی سووریا (حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستانی سووریا) لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە دانووستانەکانی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) و پارتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا (PYNK) کردووە و دەڵێت: حیزبەکەی ئێمە بەشێکە لە حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا (PYNK) و گرینگ ئەوەیە کە هەر دوولا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە بە بێ یەکتر ناتوانن دەستکەوتی گەورە دەستەبەر بکەن هەر بۆیەش لەگەڵ یەک ڕێک کەوتن.
محەمەد شێخی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کوردپرێسدا کە ئایندەی ڕێککەوتنی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS) و حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (PYNK) چۆن دەبینن بە کوردپرێسی وت: حیزبەکەی ئێمە بەشێکە لە حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا و گرینگ ئەوەیە کە هەر دوولا گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە بە بێ یەکتر ناتوانن دەستکەوتی گەورە دەستەبەر بکەن هەر بۆیەش لەگەڵ یەک ڕێک کەوتن.
ناوبراو گوتیشی: پێشتر دوو لایەنەکە بە شێوەی سەربەخۆ کاریان دەکرد و ئەنجومەنی نیشتمانی توانیبووی بە بەشداریی هاوپەیمانیی نەیارانی دەوڵەتی ناوەند لە لیژنەی نووسینەوەی دەستووری نوێ و دانووستان لەگەڵ ڕێکخراوە دەولییەکان بەشداری بکات. لە لایێکی دیکەشەوە حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی توانییان خۆبەڕێوەبەری و ئیدارەیێکی خۆسەر لە کوردستانی سووریا دابمەزرێنن کە چ لە باری سەربازییەوە و چ لە باری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە خاوەن نەزمێکی تایبەتەتە.
محەمەد شێخی زیادیشی کرد: دیارە ئەمە زەروورەت بوو کە هەردوو لا لەم کاتە هەستیارەدا لێک نزیک ببنەوە ئەوەش لە کاتێکدا کە تورکیا بە تەواوی دژی ڕێککەوتن و یەکگرتنی کوردە بەڵام لە ژێر گوشاری هاووڵاتییان و بە هاوکاریی هێزەکانی دیکە و بەتایبەتی ئەمریکا و هاوپەیمانان و هەرێمی کوردستان، دوو هەنگاوی گەورەمان بۆ یەکێتی بڕی.
سەرۆکی پارتیا کەدکارێن کوردستانی سووریا ئاماژەی بەوەش دا کە دوو لایەنە کوردییەکە ڕژدن لە یەکگرتن و لەم قۆناغەدا کە ناوچەکە بە هەلومەرجێکی ئێجگار هەستیاردا تێپەڕ دەبێت هاووڵاتییانی کورد و حیزبە کوردستانییەکانیش کۆکن لە سەر ئەوەی یزیاتر لێک نزیک ببنەوە.
محەمەد شێخی ئاشکراشی کرد کە بڕیارە لەبارەی کاروباری سیاسی و سەربازی و ئابووری گفتوگۆکان بەردەوام بن بۆیە ئەم مانگەی دێت مانگێکی چارەنووسسازە بۆ لایەنە کوردییەکان و ئەگەر ڕێککەوتنی کۆتایی دەستەبەر ببێت ئەوا دەبێت چاوەڕوانی زۆر گۆڕانکاری بکەین.
سەرۆکی لیژنەی ناوەندیی پارتیا کەدکارێن کوردستانی سووریا لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا کە چارەنووسی سیستەمی سیاسی و ئایندەی کوردەکان لە سووریا چی بەسەر دێت بە کوردپرێسی وت: ئەم بابەتە بەستراوە بە چارەنووسی قەیرانی سووریاوە. لە ئێستادا کوردستانی سووریا وەک ئەمری واقیع بۆتە خاوەنی ئیدارەیێکی خۆسەر و چەندین جار داوا لە لایەنەکان کراوە بێنە ڕیزی ئەو ئیدارە خۆسەرەوە.
ناوبراو زیادی کرد: ئەمریکا و ڕووسیا کاریگەرترین دوو هێزن لە سووریا و هەر یەکەو لەو دوو وڵاتە هەڵگری پڕۆژە و بەرنامەی خۆیانن بۆ ئایندەی سووریا. بەوەشەوە هەردوولا گوشار دەخەنە سەر لایەنە بەشداربووەکانی دانوستانی ژنێڤ کە بە گوێرەی بڕیارنامەی 2254ی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دامەزراندنی سووریای دیموکرات هەوڵ بدەن لەگەڵ یەکتر ڕێک بکەون.
محەمەد شێخی جەختیشی کردۆتەوە: ململانێ لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا زۆرە بەڵام ئێمەی کورد لە سەرمانە بە پۆکێجێکی داواکاری و بیری ڕوونی کوردییەوە بەشداریی گفتوگۆکانی ئایندەی سووریا بکەین و بە کار و سیاسەتی هاوبەش داواکارییەکانمان بگەیێنین و بەتایبەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا کە لە شاندی ئوپۆزسیۆن بەشدارە پەیڕەوی ئەو ئامانجە بکات.
سەرۆکی لیژنەی ناوەندیی پارتیا کەدکارێن کوردستانی سووریا ئاشکرای کرد: بە ڕای من لەم خولەدا کورد سەردەکەوێت چوونکە ئەنجومەنی نیشتمانی و حیزبەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردی سووریا هەردووک داکۆکی لە سەر ئەوە دەکەن کە لەم قۆناغە هەستیارەدا بگەنە سەرکەوتن.
Your Comment