کوردپرێس: لە راگەیاندراوێکدا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژەی بەوە داوە: "شەهیدبوونی چەندین هاووڵاتیی سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی دوایین هێرش و پەلاماری سەربازیی تورکیاوە ئیدانە دەکەین کە لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هێزەکانی پارتی کرێکاران (پەکەکە) لە ناوچە سنوورییەکان، چەندین هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بوونە قوربانی و شەهید بوون".
سەرۆکایەتیی پەرلەمان وێڕای ئیدانەکردنی شەهیدکردنی ئەم هاووڵاتییانە بەهۆی هێرش و پەلامارەکانی تورکیا، سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان کردووە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواستووە. هاوکات ئاماژە دراوە: ”پێمان وایە بە ئەزموونی سەرجەم ئۆپەراسیۆن و شەڕ و لەشکرکێشی و پەلاماری چەکداریی رابردوو، هیچ پرسێک بە شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی چارەسەر ناکرێت و بەردەوامی خوێن رشتن لە هەر لایەکەوە بێت، ئاشتی زیاتر دوور دەخاتەوە و کۆسپی زیاتر بۆ دیموکراسیەت و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دروست دەکات.
هەر لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: پشتیوانیی تەواوی خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و پەرلەمانین بۆ چارەسەری پرسی کورد و کۆتاییهێنان بە شەڕ و کوشتار و لەشکرکێشی و بوونە هۆکاری گیان لە دەستدانی خەڵکی سڤیل و سوتانی رەز و باخ و وێرانبوونی دێهاتەکانی هەرێمی کوردستان، داواکارین هیچ وڵات و هێز و لایەنێک خاکی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی بۆ هێرش و پەلامار و لەشکرکێشی و تۆپباران و کەوتنەوەی قوربانی لەنێو خەڵکی مەدەنیی هەرێمەکەمان بەکار نەهێنێت.
لە کۆتاییشدا سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان جەختی کردووەتەوە کە پشتیوانی ئەوەن، هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەهێزی دۆستانەی لەگەڵ تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەبێت لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانی و کەلتوورییەکان.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment