«موسلیم محەمەد» ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا ئاماژەی دا بە ڕێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان ئەنەکەسە و حزبەکانی یەکقتیی نیشتمانی کوردی سووریا و ڕایگەیاند: لە سیاسەتدا دوو باسی تاکتیک و ستراتێژی هەیە. هیوادارین ئەم ڕێککەوتنەی نێوان ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد و حزبەکانی یەکێتیی نیشتمانی ڕێککەوتنێکی ستراتێژیک بێت.
ناوبراو درێژەی دا: ئێمە دەبێت ئەزموون لە ڕابردووی خۆمان وەربگرین. پێشتر ڕێککەوتنی هەولێر یە و دوو و هەروەها ڕێککەوتنی دهۆک واژۆ کرا بوو و جگە لەوانەش شتێکی دیکە لە بەرژەوەندیی میللەتی کورددا نییە.
موسلیم محەمەد وتیشی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا هەم لە گۆڕەپانی سیاسەتی نێونەتەوەی و هەم لە ناوچەکەدا نوێنەری خەڵکی کوردی سووریایە و هەروەها بەگوێرەی بڕیارنامەی 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕیزی بەرهەڵستکارانی سووریداین. لایەنی دیکەش کە پەیەدەیە هێزی سەربازیی و ئابووریی هەیە. بۆیە ئەم دوو لایەنە توانای ئەوەیان هەیە کە هەنگاوی سوودبەخش بۆ کوردستانی سووریا هەڵبگرن.
ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانی سووریا (PDK.S) لەبارەی داهاتووی دانووستانەکانەوە وتی: سووریا و ناوچەکەش خەریکی تێپەڕاندنی دۆخێکی هەستیارن. ئێمە دەبێت سوود لە ئەزموونی ڕابرڕوومان وەربگرین و یەک ستراتێژیمان هەبێت چوونکە ئەگەر یەکگرتوو نەبین خەسارمەند دەبین.
موسلیم محەمەد وتیشی پێشتر ئێمە ڕێککەوتنی سیاسیمان کردووە کە ئەمە هەنگاوێکی ئەرێنییە بەڵام لەم کاتەدا پێویستمان بە هەوڵی کرداری هەیە و تا ئەو کاتە بە کردار کێشەکان چارە نەکەین سەرکەوتنێکمان بەدەست نەهێناوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment