«فوزی بولگان» سکرتێری گشتیی حەرەکەتی ئیسلامی کوردستانی تورکیا لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کوردپرێسدا کە لە ئێستادا دۆخی سیاسیی کوردەکان لە تورکیادا چۆن دەبینن ڕایگەیاند: حکوومەتی تورکیا نەک هەر ئەمڕۆ بەڵکوو لەو کاتەوە دامەزراوە کێشەی لەگەڵ هەر چەشنە بزووتنەوەیێکی کوردیدا بووە و هەمیشە کەڵکی لە زۆر گرتووە.
ناوبراو زیادی کرد: لەچەند ساڵی ڕابردوودا پڕۆژەیێک لەژێر ناوی "پڕۆژەی ئاشتی" دەستی پێکرد بەڵام بەداخەوە درێژەی پێنەدرا چوونکە هەر دوو لایەنەکە واتا هەم پارتی دیموکراتیکی گەلان هەم حکوومەتی تورکیا لەلایەن میلیتاریستەکانەوە بەڕێوە دەبرێن و ئێستاش هەروایە.
فوزی بولگان ئاماژەی بە نەبوونی یەکڕیزیی لەنێو ڕەوتە کوردییەکانی کوردستانی تورکیا دا و وتی: هەوڵدان بۆ یەکڕیزیی نێوماڵی کوردی تورکیا هەمیشە لە ئاردا بووە و هێشتایش درێژەی هەیە بەڵام بەداخەوە تا ئەمڕۆ بێ ئەنجام بووە چوونکە هەر حزبێک و ئایدیۆلۆژیایێکی هەیە کە پەرتەوازەیی لێدەکەوێتەوە.
ناوبراو درێژەی دا ئەم بابەتە تەنها لە حزبە کوردییەکانی تورکیا نییە بەڵکوو هەموو حزبێکی کوردی لە هەموو شوێنێک دەگرێتەوە. جیاوارزی لەنێوانماندا هەیە و ئێمەی کورد دەبێت ئاوڕ لەم بابەتە بدەینەوە خاوەنی دەوڵەت نین و ئەمە سروشتییە کە هزری جیاوازمان ببێت بەڵام هەموومان کوردین و دەردی هاوبەشمان هەیە و دەتوانین چنگ لە گورێسی کوردستانی بوونمان بدەین.
سکرتێری گشتیی حەرەکەتی ئیسلامی کوردستانی تورکیا زیادی کرد ئێمە دەتوانین سەرەڕای ناکۆکییەکانی نێوانمان لەسەر بەرژەوەندیی خەڵکی خۆمان ڕێککەوین. بۆیەش ئەگەر ناکۆکییەکان وەلابنێن دەتوانین بەشێوەیێکی نەتەوەپەرەستانە یەکبگرین و بگەینە ڕێگاچارەی سیاسی. لەلایێکی دیکەوە ئەو کەسانەی خۆیان بە تورکیای دەرانن و کوردبوونی خۆیان لەبیر کردووە ناتوانن باس بە یەکێتی بکەن و هاوپەیمانی پێکبێنن. پارتی دیموکراتیکی گەلان یەک لەو حزبانەیە کە تورکیاییە و پارتی کوردی نییە.
فوزی بولگان لەبارەی قەییوم دانیان لەجێگەی سەرۆک شارەوانییەکانی هەدەپە دەڵێت: پارتی دیموکراتیکی گەلان حزبێکی سیاسی و یاساییە و حکوومەت مافی ئەوەی نییە بە بیانووی جیاواز سەرۆک شارەوانییەکانی ئەو پارتە دوور بخاتەوە. بەڵام بەرنامە و پلانەکانی هەدەپە لە کاتی دامەزرانییەوە تا ئەمڕۆ لەلایەن پەکەکە-وە نووسراوە و لە زۆرینەی کاتدا بە فەرمانی پەکەکە جووڵەی سیاسی دەکات.
ناوبراو وەبیری هێنایەوە بۆ نموونە لە شەڕی «خەندەقەکاندا» کە 10 هەزار گەنج گیانیان لەدەست دا هەدەپە بە فەرمانی پەکەکە جووڵایەوە و وێرانبوونی بەشێکی زۆر لە کوردستانی لێکەوتەوە و لە کۆتاییشدا هیچ دەسکەوتێکی سیاسی و سەربازی بۆ کورد نەبوو.
سکرتێری گشتیی حەرەکەتی ئیسلامی کوردستانی تورکیا جەخت دەکاتەوە ئەو هەڵمەتە بوو بەهۆی ماڵ وێرانیی هاووڵاتییانی کورد لە شارە کوردنشینەکاندا و ڕای گشتی هەدەپە-ی وەکوو بەشێک لە پەکەکە ناسی. پێوەندیی هەدەپە و پەکەکە بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی پارتی داد و گەشە بەبێ ترس و بەتوندی ڕووبەڕوویان ببێتەوە و بۆ شارەوانییەکان قەییم دیاری بکات و پارێزبەندی لەسەر نوێنەرانی هەدەپە لە پەرلەمان هەڵبگرێت و زیندانییان بکات.
ئەم سیاسەتوانە کوردە ڕاشیگەیاند بەمەیشەوە زۆرینەی نووسەران، ڕۆشنبیران و سیاسەتوانانی کورد و تورک داوایان لە هەدەپە کردووە کۆتایی بە پێوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە بێنێت و سیاسەتی سەربەخۆیی ببێت بەڵام تا ئێستا وەڵامی ئەرێنییان نەبووە.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment