ئەمڕۆ لە راگەیاندراوێكی هاوبەشدا ئاماژە بەوە دراوە: حزبەكانی ئەنەكەسە و تەڤدەم دوێنێ سێشەممە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ لە شاری حەسەكە كۆ بوونەتەوە و قۆناغی یەكەمی دانوستانەكانی یەكڕیزیی كوردیان تەواو كردووە و گەیشتوونەتە تێڕوانینێكی سیاسییانەی هاوبەشی مولزەم و لێكتێگەیشتنێكی سەرەتایی".
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە رێککەوتنی دهۆکی ساڵی 2014ی سەبارەت بە دەسەڵات و هاوبەشیی لە ئیدارە و پارێزگاری و بەرگری، بە بنەما دانا بۆ بەردەوامیی گفتوگۆ و دانوستانی ئێستای نێوان هەردوو شاندەکە، بە ئامانجی گەیشتن بە واژۆ کردنی رێککەوتنێکی گشتگیر لە داهاتووییێکی نزیکدا.
ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە هەردوو شاندەکە جەختیان لەسەر گرنگیی هاوکاری و یەکێتیی کورد لە سووریا کردووە، پێشوازییشیان کردووە لەم دەسکەوتە، وەک هەنگاوێکی مێژوویی گرنگ بەرەو تێگەیشتنی گەورەتر و هاوکاریی کردەیی، کە سوودی گەلی کوردی لە سووریا، هەروەها سوورییەکان لە گشت پێکهاتەکان تێدایە.
راگەیاندراوەکە تیشکیشی خستووەتە سەر هەردوو شاندەکە کارەکانیان تەرخان کرد وەک وەفایێک بۆ ئەو قوربانییە گەورەیەی کوڕان و کچانی سووریا بەخشییان، بەتایبەت بۆ شەهیدان و بریندارانی کوردستانی سووریا و خانەوادەکانیان، کە گیانی خۆیان لە جەنگێکی شەرافەتمەندانەدا بەخشی، بۆ پاراستنی جیهان لە ستەمکاریی داعش.
هەروەها هاتووە ئەو لێکتێگەیشتنانە هەنگاوی سەرەتایی گرنگن، کە بە چاودێریی و یارمەتیی جێگری نێردەی ئەمەریکی، تایبەت بە هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی، بالوێز (ویلیام روباک) و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات جەنەڕاڵ (مەزڵووم عەبدی) پێی گەیشتوون.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment