کوردپرێس:
کوفان کەنعۆ سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا لە لێدوانێکدا بۆ کوردپرێس ئاماژەی بە دوایین پێشهاتەکان لەبارەی دانوستانی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە کرد و بە هەواڵنێری کوردپرێسی وت: ڕۆژی ڕابردوو بە ئامادەبوونی مایکل ڕۆبۆک نوێنەری ئەمریکا و ژەنراڵ مەزڵووم کۆبانێ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات خولی دووهەمی دانوستانەکان دەستی پێکردووە و هەردوو ئەنجامی ئیجابیی باشیان دەستەبەر کردووە.
ناوبراو زیادی کرد: گفتوگۆکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتە هەر دوو لا بە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە بگەن و بۆ بەرژەوەندیی کوردی سووریا بگەنە ڕێککەوتن.
تورکیا دەیەوێت کورد ببێتە کۆیلەی ئەو وڵاتە
کۆقانکەنعۆ ئاماژەی بە ئوپەراسیۆنەکەی تورکیا لە سەر خاکی هەرێمی کوردستانیش کرد کە لە ژێر ناوی چڕنووکی هەڵۆ و بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی پەکەکە لەو ناوچەیە دەستی پێکردووە و لەو بارەیەوە بە کوردپرێسی وت: تورکیا هەڵگری میراتی عوسمانییەکانە و دیارە ئەساسی مانەوەی خۆیان لەوەدا دەبینن کە ستەم لە دیتران بکەن.
ناوبراو ڕوونسیشی کردەوە لای دوڵەتی تورکیا کورد و عەرەب و ئەرمەنی و چرکس یەک شتن چوونکە پەیڕەوی ئەو عەقڵییەتە داگیرکارانە دەکات کە لە سەر ئەساسی مەکتەبەکەی دامەزراوە.
سەرۆکی پارتی ڕۆژی دیموکراتی کوردستانی سووریا ئاکاژەی بە دژایەتیی تورکیا لەگەڵ هەموو چەشنە جووڵەیێکی سیاسیی کورد گوتیشی: تورکیا کێشەی سەرەکیی لەگەڵ کورد هەیە و حاشا لە حەیات و جووڵەی سیاسیی کورد دەکات و کورد لە هەر جێگایێک بێت لای تورکیا جیاوازیی نیە و ئەوەش بیانووە کە دەڵێت بە بۆنەی پەکەکەوە لە خاکی هەرێمی کوردستان ئوپەراسیۆن دەکات. ئەمەش خوێندنەوە و شرۆڤەی ناوێت. تورکیا دەیەوێت کورد ببێتە کۆیلەی ئەو بۆیە لە شوێنێک چرایێک هەڵکرابێت دەیکوژێنێتەوە.
کوفان کەنعۆ لە کۆتاییدا ئەوەشی زیاد کرد کە پێویستە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد هەندێک بەرپرسیارانە ڕەفتار بکەن و ڕاجیاوازی و ناکۆکییەکان وەلا بنێن و لە بەرانبەر کارەکانی تورکیا یەک بگرن.
Your Comment